وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە بەرامبەر سزاکانمان بۆ سەر ئێران داوای لێبوردن ناکەین

20-05-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ماتیو میلەر و دیار کوردە.
ماتیو میلەر و دیار کوردە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، واشنتن داوای لێبوردن ناکات لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپاندوونی و بەردەوامیش دەبن لە جێبەجێکردنی سزاکانیان. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، ئێران بۆ دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئسیی داوای هاوکارییان لێکردوون، بەڵام نەیانتوانیوە هاوکارییان بکەن. 
 
محەممەد جەوادزەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران رایگەیاندبوو ئەمریکا بەرپرسیاری کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسییە، ئەویش بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی وڵاتەکە، کە ناتوانێت دەستی بە پارچەی یەدەگ رابگات.
 
رۆژی دووشەممە، 20-05-2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی رۆژانەیدا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "پێش هەموو شتێک ئێمە داوای لێبوردن لەبارەی سزاکانمان بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە ناکەین. حکومەتی ئێرانی فرۆکەکانی بۆ پشتیوانیکردنی تیرۆر بەکارهێناوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی تەواوی سزاکانمان بەتایبەتی سزاکانمان لە بواری فرۆکەوانیدا." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی ئێران: "لە کۆتاییدا ئەمە بەرپرسیارێتیی حکومەتی ئێرانە لەو بڕیارەی کە هێلیکۆپتەرێکی تەمەن 45 ساڵ لە کەشوهەوایێکی نالەباردا بەکاربهێنێت، نەک لایەنەکانی دیکە." 
 
لەبارەی ئەو راپۆرتە میدیایانەی کە باس لە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان دەکەن، ماتیو میلەر، بە رووداوی راگەیاند: "من نامەوێت لەسەر ئەو پرسانە قسە بکەم و لەمێژە روونمانکردووەتەوە ئێمە توانای ئەوەمان هەیە پەیام بۆ ئێران بنێرین هەرکاتێک لە بەرژوەدیمان بێت ئەو کارە بکەین، بەڵام قسە لەسەر ئەوە ناکەم."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئێران داوای لێکردوون هاوکارییان بکەن لە دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی پێشووی ئێران ئیبراهیم رەئیسی. میلەر "لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە داوای هاوکاریمان لێکرا. ئێمە وەڵاممان ئەوە بوو کە ئامادەی هاوکاریکردنین. ئەمە کارێکە ئێمە دەیگیرنەبەر بەرامبەر هەر حکومەتێک لەو دۆخەدا بێت. بەڵام دواجار بە هۆکاری لۆجستی نەمانتوانی ئەو هاوکارییە دابین بکەین." 
 
یەکشەممە، 19-05-2024، لەکاتی گەڕانەوە لەسەر سنووری ئازەربایجانەوە بۆ شاری تەورێزی ناوەندیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران، هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کەوتەخوارەوە و تێکشکا. بەهۆیەوە سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە، پارێزگار و ئیمام جومعەی تەورێز و پێنج سەرنشینی دیکەی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا