هیندستان بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران ماتەمینی گشتیی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی، هیندستان بۆ یەک رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە راگەیاند. سەرۆکوەزیرانی هیندستانیش هاوخەمیی خۆی بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی و رایگەیاند: "لەم کاتەی خەم و پەژارەدا لەگەڵ ئێران وەستاوین."
 
بۆ هاوخەمیی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران؛ سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەکەی و خەڵکی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، هیندستان لەگەڵ ئێران وەستاوە.
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەڵێت: "بە کۆچی دوایی دڵتەزێنی سەید ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامی ئێران دڵتەنگ و شۆک بووە." 
 
دەشڵێت: "بەشداریی رەئیسی لە پتەوکردنی پەیوەندی دوو قۆڵیی هیندستان و ئێران هەمیشە لە یاد دەمێنێتەوە. لە دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خەڵکی ئێران دەکەم. هیندستان لەم کاتەی خەم و پەژارەدا لەگەڵ ئێران وەستاوە."
 
وەزارەتی ناوخۆی هیندستانیش رایگەیاند، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە وەک هاوخەمیی بۆ خەڵکی ئێران و رێزلێنان لە قوربانیانی رووداوەکە، رۆژی سیشەممە، 21ی ئایاری 2024 لە سەرانسەری هیندستان ماتەمینی گشتیی بێت.
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی هیندستان، رۆژی سێشەممە وەکو رێزلێنانێک بۆ قوربانیانی رووداوەکە، ئاڵای وڵاتەکە لە هەموو باڵەخانەیەکی فەرمیی بۆ نیوە دەهێندرێتەوە خوارەوە، هەروەها هیچ چالاکییەکی فەرمیی کاتبەسەربردن لەو رۆژەدا نابێت.
 
تائێستا چەندین وڵاتی دیکە، وەک پاکستان، عێراق، سووریا، لوبنان بە بۆنەی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرەکانی، ماتەمینیان راگەیاندووە.
 
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 19-05-2024، دوای تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان لەکاتی گەڕانەوەیان لەسەر سنووری ئازەربایجانەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرەکانی گیانیان لەدەستدا. 
 
لەگەڵ رەئیسی، هەریەکە لە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی تەورێز؛ مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز؛ سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون و گیانیان لەدەستدا.