رووداو دیجیتاڵ
حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان ناسراو بە گرووپی حەوت (G7) لە کۆبوونەوەکانی لووتکەی گرووپەکە لە هێرۆشیمای ژاپۆن، بڕیاریان دا؛ رێگەکانی هەناردەکردنی ئەڵماس لەلایەن رووسیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، سنووردار بکەن.
تۆبیاس کۆرمیند لە کۆمپانیای سێڤێنتی سێڤن دایمۆند باسی ئامانجی سیاسییەکان دەکات لەبارەی ئەڵماسی رووسیا، دەڵێ "ئەوەی ئەوان بیری لێدەکەنەوە، بەدواداچوونە بۆ سەرچاوەی ئەڵماسی خاو، کە بە شێوازی گشتی بازاڕ بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات. ئەوان (G7) دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە خێرا بکەن و هەر ئەڵماسێک کە لە رووسیاوە هاتبێت، قەدەخەی بکەن".
رووسیا، گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەڵماسە لە جیهاندا و، ساڵانە 17 ملیۆن قیرات ئەڵماس بەرهەم دەهێنێت کە دەکاتە رێژەی 25٪ـی کۆی بەرهەمهێنانی ئەڵماس لە جیهان، بۆیە قەدەخەکردنی هەناردەکەی ئاسان نییە.
ئەمە جگە لەوەی پێناسەکردنی سەرچاوەی ئەڵماس، کارێکی ئاسان نییە.
رێژەی 90٪ـی ئەڵماسی خاوی جیهان لەنێویشیاندا ئەڵماسی رووسیا، سەرەتا هەناردەی هیندستان دەکرێت و لەوێ دەتاشرێت، پاشان هەناردەی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان دەکرێت.
کۆین ڤان دێم بێمپ، مامۆستای زانکۆی ئانتوێر باسی زەحمەتیی پرۆسەکە دەکات، دەڵێ "کاتێک ئەڵماسێکی خاو داتاشرا، پێناسەکردنی ئەوەی سەرچاوەی ئەڵماسەکە لە چ وڵاتێکەوەیە، زۆر ئەستەمە. لەبەرئەوەش ئەگەر تۆ دەتەوێ سزاکان کاریگەر بن، دەبێت ئەم خاڵە لاوازە لەبەرچاوبگریت و چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە. ئەوەش کارێکی ئاسان نییە".
رووسیا لە رێگەی هەناردەکردن و فرۆشتنی ئەڵماسەوە، ساڵانە نزیکەی 5 ملیار دۆلار داهاتی هەیە. بەلجیکا، ئیمارات و هیندستان، گەورەترین بازاڕی ئەڵماسی خاوی رووسیان. لە ساڵی 2021ـدا رووسیا بە بڕی 1.9 ملیار دۆلار ئەڵماسی هەناردەی بەلجیکا کردووە، بە بەهای 1.2 ملیار دۆلار بۆ ئیمارات و 885 ملیۆن دۆلاریشی بۆ هیندستان هەناردەکردووە.
گرووپی 7 وڵاتی پیشەسازی جیهان رایانگەیاندووە، سەرچاوەی داهاتی رووسیا سنووردار دەکەن بۆ ئەوەی مۆسکۆ نەتوانێت خەرجیی ئەو شەڕەی لە ئۆکراینا هەڵیگیرساندووە، دابینبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ