ژنێکی کورد لە ئەمریکا پیتزا دروست دەکات و لەگەڵ هاوژینەکەی بزنسێکی سەرکەوتوویان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمیرە و هاوژینەکەی نزیکەی 18 ساڵە لە دووکانێکی پیتزا کاردەکەن و ئێستا خاوەنی بزنسێکی بچووکی سەرکەوتوون لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشگن لە ئەمریکا. لە ساڵی 2005 ئەو دووکانە کە بەهۆی بێ بازاڕییەوە داخرابوو، ئەوان کڕیویانەتەوە و سەرلەنوێ کردوویانەتەوە.
 
ئەمیرە جاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 2005 باوکی لایڤن ئەوکاتە شۆفێری پیتزابوو، هاوڕێیەکی کریستیانمان هەیە زۆر رێکوپێک بوو، گوتی: ئومێد وەرە ئەو دووکانە داخراوە، واتە رۆژانە 200 دۆلاریان نەدەفرۆشت، بۆیە هاتوو و گوتی: ئەمیرە ئەو دووکانە هەیە، دەتوانین بیکەین و یارمەتیم بدەی، گوتم: کێشەم نییە، هەموو رۆژێک لەدوای قوتابخانە دەتوانم بێم یارمەتیت بدەم.''
 
ئەو ژنە کارسازە پێشتر لە هەرێمی کوردستان مامۆستا بووە و کە چوونەتە ئەمریکاش درێژەی بە پیشەی مامۆستایەتی داوە و لەو دووکانەشدا کاری کردووە، جگە لە کاکردن، هاوکات درێژەی بە خوێندنیش داوە و بڕوانامەی ماستەری لە هونەری پەروەردە بەدەستهێناوە.
 
ئەمیرە جاف باسی لەوە کرد، "توانیم لە هونەری پەروەردە ماستەر بخوێنم، واتە بوومە مامۆستا بە بڕوانامەی ماستەر، کەی دەرچووم، چونکە کارم دەکرد و کچێکیشم هەبوو، لە 2007 بڕوانامەکەم وەرگرت واتە خوێندنەکە و وەرگرتنی بڕوانامەکەم بە چوار بۆ پێنج ساڵ تەواوکرد، پارت تایم دەمخوێند، واتە وانە وانە وەرمدەگرت.''
 
ئەو ژنە کارسازە کوردە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەشڵێت، "کاژێر چوار کە قوتابخانەم تەواو دەکرد، کچەکەم هەڵدەگرت و دەهاتم بۆلای، کچەکەم لەولا دادەنا و دەرسم پێیی دەگوتەوە، ئەگەر خەویشی بهاتایە، ئۆفیسێکی بچووک هەیە، جێگەیەکی بچووکم بۆی دانابوو، ئێستا قەرەباڵخ بووە، سەرەتا بچووک بوو، لەوێ دەخەوت، منیش تاوەکو نۆ و 10ی شەو دەمامەوە و دواتر دەگەڕامەوە ماڵەوە، ماڵمان لە دیەربۆرن بوو.''
 
ئەو دوو هاوژینە 18 ساڵە بەیەکەوە کاردەکەن و کارەکەشیان سەرکەوتووە، بەڵام دەڵێت، باشترە ژن و پیاو لەیەک شوێن بەیەکەوە کار نەکەن. ئەمیرە هانی ژنانی کوردیش دەدات کاربکەن و چاویان لەدەستی کەس نەبێت، دەشڵێت، "کارنەکەم نەخۆش دەکەوم."
 
پیتزاکەیان ئیتاڵییە، بەڵام تام و بۆنی کوردی بەبەر پیتزاکاندا دەکات، ئەمەش وایکردووە لە پیتزاکانی دیکەی شارەکە جیابکرێتەوە و کڕیاری تایبەت بەخۆشیان هەبێت. ئەمیرە تەنیا یەک کچی هەیە، لەگەڵ هاوژینەکەی لە ساڵی 1986ـەوە روویان لە ئەمریکا کردووە، توانیویانە ببنە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیان و بزنسێکی سەرکەتوویان دەسپێکردووە.