ئەمریکا: فڕۆکەی F-16 بە ئۆکراینییەکان دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن پشتگیری لە بیرۆکەی پێدانی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف16 بە ئۆکراینا دەکات و لەسەر ئەو بنچینەیەش راهێنان بە ئۆکراینییەکان لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی فڕۆکەکە دەکات.
رۆژی شەممە، 20ـی ئایاری 2023، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هێرۆشیمای ژاپۆن رایگەیاند، "رێکارە روونەکە ئەوەیە کە راهێنان بە ئۆکراینییەکان لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16 بکەین؛ دواتر لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بڕیار لەسەر ناردنی فڕۆکەکان بۆ ئۆکراینا بدەین."
سوڵیڤان گوتیشی، "لە چەند مانگی داهاتوودا لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بڕیار دەدەین کە چەند فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکراینا بنێرین و بڕیار دەدەین کە لە چ کاتێکدا فڕۆکەکان بگەنە دەست ئۆکراینییەکان."
سوڵیڤان ئەوەشی راگەیاند، ئەمریکا سزاکانی سەر کەرتی ئابووریی رووسیا فراوانتر دەکات و بۆ ئەوەش لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و بەریتانییەکان هاوئاهەنگی دەکات.
رۆژی هەینی 19ـی ئایاری 2023، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، "سەرۆک بایدن بە سەرکردەکانی گرووپی G7ـی راگەیاندووە کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی راهێنان بە ئۆکراینییەکان دەکەن لەسەر چۆنییەتیی بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16ـی ئەمریکی."
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتیشی، لە ئەوروپا راهێنان بە هێزە ئۆکراینییەکان دەکەن و پێشبینی ئەوەی کردووە کە راهێنانەکە 18 مانگ بخایەنێت.
هاوکات ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تویتێکدا بڕیارەکەی ئەمریکای بە مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، "دەستخۆشی لە بڕیارەکە دەکەم. ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی کاریگەر هێزی ئاسمانیمان بەرەوپێشەوە دەبات."
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای گوتەکانی سوڵیڤان لە تویتێکدا رایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەم بۆ راهێنان بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16".
سووناک گوتیشی، "بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا، هۆڵەندا، بەلجیکا و دانیمارک هاوئاهەنگی دەکات بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ئۆکراینا دابینبکەن تاوەکو ئۆکراینا ئەو توانا ئاسمانییە بەدەستبهێنێت کە پێویستییەتی."
رۆژی هەینی 19-5-2023، لە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی لووتکەی کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە، کۆمەڵەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکراینا ناوەستێت. رووسیا شەڕەکەی دەستپێکردووە هەر خۆیشی دەتوانێت کۆتایی پێبهێنێت."