گرتووخانەی كۆچبەران لە بولگاریا دەبێتە شوێنی كێشانی حەشیش

رووداو - بولگاریا

ئارام، لە نێوان توركیا بولگاریادا، رێبەری 42 كۆچبەری كوردی ئێزیدی بوو، لە دوای 22 كاژێر سەرجەم كۆچبەرەكان دەگەیەنێتە نێو خاكی بولگاریا. لە شوێنی چاوەڕوانی دەوەستن و چاوەڕێی هاتنی قاچاخچییەكانی بولگاریان كە بە ئۆتۆمبێل بێن و كۆچبەرەكان بگەیەننە سۆفیای پایتەخت، بەڵام لە كاتی چاوەڕێكردنی قاچاخچییەكان، پۆلیسی بولگاریا بەسەریاندا دەدەن و دەستگیریان دەكەن.

لەو كاتەدا ئارام خۆی لەپاڵ دار و دەوەن دەشارێتەوە، بەڵام وەك ئەوەی پۆلیسەكان بزانن رێبەرەكە لەو ناوەدا خۆی شاردووەتەوە، بە وردی بۆ دەگەڕێن و دواجار دەیدۆزنەوە و دەستگیری دەكەن، گشتیان بەیەكەوە دەگەیەننە زیندانی لۆبۆمێز لە باشووری بولگاریا.

دوای لێكۆڵینەوە و پشكنینی پۆلیس و وەرگرتنی گوتەی كۆچبەران، دەردەكەوێ‌ كە ئارام قاچاخچییەكەیە، بۆیە لە دادگایەكی ئەو وڵاتە حوكم دەدرێ. ئارام لە مانگی ئەیلولی رابردوو، تاوەكو سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ لە زیندانی لۆبۆمێز مایەوە. 

هەر لەهەمان ئەو مانگەی ئارام-ی تێدا دەستگیركرا، رێبەرێكی دیكەی كورد، بە ناوی ئەحمەد لەنێوان سنووری توركیا و بولگاریا لای تەلەبەندی سنوور، لەلایەن پۆلیسی سنووری بولگاریاوە دەستگیر كرا و دواتر برایە زیندانی لۆبۆمێز، لەگەڵ ئارام سەر بەیەكەوە دەنێن، ئەوان هاوڕێ و دۆستی یەكدین.
 
هەر لەو زیندانەدا قاچاخچییەكی دێرینتر لە ئارام و ئەحمەد هەیە، ئەویش ئاكامە كە لە سنووری نێوان بولگاریا و سربیا دەستگیر كرابوو. ئەو، نۆ مانگ زیاتر بوو لە زیندان بوو، لەدوای شەش مانگی یەكەمی زیندانی، شەش مانگی دیكەی بۆ درێژ كرابووەوە.

تیمی قاچاخچییان لە زیندان پەیوەندی خۆش و باشیان لەگەڵ یەكدی دروست كردووە، دەیانەوێ تۆڕێكی جاڵجاڵۆكەیی فراوان دروست بكەن، خۆیان زۆرترین كۆچبەرانی ڕێگەی ئەوروپا بگوازنەوە و ڕیكۆردی نوێ تۆمار بكەن، لەبەرئەوە بەرنامە و پلان بۆ دوای ئازادكردنیان لە زیندان دادەنێن. 

كاتێك گوێیان لێدەبێ‌ رێگەی نێوان بولگاریا و سربیا ئازاد كراوە و ئاسانتر بووە، دڵخۆشی سەرتاپای گیانیان دەگرێ و دەخوازن زوو ئازاد بكرێن. ئەحمەد و ئارام لە توركیاوە كۆچبەر دەگەیەننە بولگاریا، لەوێشەوە ئاكام بەرەو سربیا دەیانگوازێتەوە، ئەمە تەنیا خەیاڵی وێناكراوی خۆیانە، بۆ دوای دەرچوونیان لە زیندان، لەكاتێكدا دڵنیان، دەشێ ئازاد بكرێن و دەشێ شەش مانگی دیكەیان بۆ درێژ بكەنەوە.

پیشە و كاری سەرەكیی ئەم قاچاخچیانە لە زیندان، كێشانی حەشیش بوو، رۆژانە و شەوانە، بەپێی كات و گونجان و رێككەوتن حەشیشیان دەكێشا. ئاكام و ئەحمەد و ئارام، لەگەڵ دوو سێ كەسی دیكەی نێو زیندان، دوور لە چاوی كامێرای نێو ژووری زیندانەكە كۆدەبوونەوە و بە بیانووی یاریی دامە و تاوڵە و شەترەج و دۆمینە دادەنیشتن. 

ئاكام، جگەرەیەك لەنێو پاكەتەكەی دەردێنێ و ناوی خاڵی دەكات لە تووتن و جوان پاكی دەكاتەوە. لەو كاتەشدا یەكێك لە زیندانییەكان لەسەر دەرگای ژووری زیندان وەستاوە، بۆ ئەوەی لە هاتنی پۆلیس ئاگاداریان بكاتەوە.  ئینجا حەشیشەكە دەخەنە نێو پەڕەی جگەرەكە و وەك جگەرەی ئاسایی دایدەگیرسێنن، قومی لێدەدەن و هەڵیدەمژن، دانە دانە‌ ئەمدەست و ئەودەستی پێدەكەن، ئەوان یەكی دوو قومیان لەو حەشیشە بەردەكەوێ. لەدوای تەواوكردنی پاشماوە و ئاسەوارەكەی جوان پاك دەكەنەوە و لەگەڵ پاشماوەی دیكە تێكەڵی دەكەن و دەیخەنە نێو تەنەكەی خۆڵەوە.

لەدوای كێشانی حەشیشەكە، دەستدەكەن بە قسەكردن و پێكەنین بەسەریاندا زاڵ دەبێ و هەرچی بەزاریاندابێ دەیڵێن، بە قسەی خۆیان بەرەو دونیایەكی دیكە دەچن، لەوكاتەدا هیچ شتێك بە جددی وەرناگرن و بەیەكدی دەڵێن شەش مانگ چییە؟ با شەش ساڵ لە زیندان بین.

ئەوان هەوڵ دەدەن هەمیشە حەشیش یان مادەی هۆشبەری دیكەیان هەبێ، لەوێ لە‌ كەسێكی فارسی دەكڕنەوە كە هەمیشە بەشی فرۆشتنی پێیە، زمانی بولگاری دەزانێ و لەگەڵ دوو پۆلیس رێككەوتووە، ئەوان لە دەرەوە هۆشبەری بۆ‌ دەهێنن و بەبڕە پارەیەكی زۆر بەوی دەفرۆشنەوە. ئەو پۆلیسانە بۆ هەر جارێك هێنانی مادەی هۆشبەر، بە ئەندازەی مووچەی مانگێكیان پارەیان دەستدەكەوێ، ئەمەش رێگەیەكی باشە بۆ پەیداكردنی پارە، چونكە بەهای دراوی بولگاری نزمە.

ئارام و ئاكام و ئەحمەد، لەبارەی خووگرتنیان بە كێشانی مادەی هۆشبەر دەڵێن چۆن كەسێك ئاڵوودەی جگەرە دەبێ و ناتوانێ تەركی بكات، ئێمەش بەهەمانشێوە ئاڵوودەی بووین و ناتوانین تەركی بكەین.