رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی نایجیری، 58 کاژێر بەبێ وەستان و دۆڕان، شەترەنجی کرد و توانی ژمارەی پێوانەیی بۆ درێژترین ماوەی شەترەنجکردنی بێ وەستان تۆماربکات و ناوی چووە پەرتووکی گینسەوە.
توندە ئۆناکۆیا، هاووڵاتییەکی نایجیرییە و لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەشداری پێشبڕکێیەکی کرد.
ئۆناکۆیا سەبارەت بە بردنەوەکەی دەڵێ "ناتوانم ئەو دڵخۆشیە زۆرە دەبڕم کە هەمە. وشەی گونجاوم نییە بۆ رێکخەرانی پێشبڕکێکە، بەڵام دەزانم کارێکی زۆر باشیان کردووە. مەبەستم ئەوەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەس نەیتوانیوە ئەو ماوە زۆرە شەترەنج بکات. پێشتر ژمارەکە 56 کاژێر بوو و، شکاندمان."
ئەو یاریزانەی شەترەنج، رۆژی چوارشەممە، کاژێر 11:30 خولەکی نیوەڕۆ دەستی بە یاریکردن کرد، تاوەکو رۆژی هەینی کاژێر 03:30ـی دوانیوەڕۆ بەردەوام بوو.
لەو ماوەیەی یاریی تێدا دەکرد، هیچ یارییەکی نەدۆڕاند.
بە گوتەی خۆی، ئامانجی لەو کارە کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی نایجیری تاوەکو بەردەوام بن لە خوێندن.
لۆت ئیگۆپیجا، بەرپرسی ئەنجوومەنی نایجیرییەکان لە نیویۆرک سەبارەت بە پاڵنەری کارەکەی ئۆناکۆیا گوتی "پێموایە دیدگەیەکی هەیە بۆ ئەوەی ببینێت ئەو کەسانەی کەمدەرامەتن، بگەن بە ئاواتەکانیان. ئەمەش پاڵنەرە بۆ ئەو."
ژمارەیەک هاووڵاتیی نایجیری بۆ پاڵپشتیکردنی ئامادە بوون. هانیان دەدا و هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی لە هەوڵەکەی نەوەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ