لە کاتی دادگاییەکەی ترەمپ، پیاوێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

رووداو دیجیتاڵ
 
پیاوێکی ئەمریکی لە شاری نیویۆرک، لە کاتی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات. پۆلیس دەڵێت، "پیاوەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دۆخی ناجێگیرە. تائێسا بە دیاریکراوی هۆکاری خۆ سووتاندنی دیارنییە."
 
رۆژی هەینی، 19-04-2024، لە کاتی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە دۆسیەیەکی تاوانکاری، پیاوێک لە دەرەوەی دادگەی مانهاتن ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
 
لە چەند ڤیدیۆیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت، پیاوێک شلەیەک بە جەستەی خۆیدا دەکات و راستەوخۆ ئاگر لەخۆی بەردەدات. خەڵكێکی زۆر لە گۆڕەپانەکە هاوار دەکەن، "پۆلیس، پیاوێک خەریکە خۆی دەسووتێنێت" و ڤیدیۆی رووداوەکە دەگرن.
 
یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە لەکاتی رووداوەکە لە پیاوەکە نزیک بوو، گوتی، "ئاگرەکە بۆ چەند خولەکێک بەردەوامبوو، دۆخێکی سامناک بوو."
 
پۆلیسی نیویۆرک دەڵێت، "پیاوەکە لە 30ـیەکانی تەمەنیدایە و ناوی ماکس ئەزارێلۆیە و خەڵکی فلۆریدایە. ماکس گوازراوەتە نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە."
 
چەند کەسێکی دیکە باس لەوە دەکەن، پێش خۆسووتاندن، پیاوەکە چەند کاغەزێکی هەڵداوەتە ئاسمان. یەکێک لە کاغەزەکان لەسەری نووسرابوو "ملیاردێرە خراپەکان."
 
تائێستا پۆلیس ئاماژەی بەوە نەکردووە ئەو پیاوە لە دژی ترەمپ یان وەک لایەنگری ئەو کارەی کردبێت. 
 
دوێنێ لەکاتی دادگاییەکەی ترەمپ، لە بەردەم دادگەی نیویۆرک، گرژی لە نێوان خۆپێشاندەرانی لایەنگری ترەمپ و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو. 
 
ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی کە پێش بردنەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی 2016، تۆمارە بازرگانی و داراییەکانی خۆی ساختەکردووە و هەوڵیداوە پارە بداتە ستۆرمی دانیەڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکان بۆ ئەوەی پەیوەندیی خۆی و ترەمپ بشارێتەوە.
 
ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی ئەمریکادا سەرۆکێکی پێشوو، لە دۆسیەیەکی تاوانکاریدا، دادگایی بکرێت، هەروەها لە کاتێکدایە کە ترەمپ دەیەوێت لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، شکست بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستا و بەربژێری دیموکراتەکان بێنێت و بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
 
ئێستا ئەوەی کە زۆرترین سەرنجی لەسەرە، دیاریکردنی 12 دادوەری سەرەکی و شەشی دیکەی یەدەگە بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگی پێش رۆژی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە، یەکێک لە بەناوبانگترین و مشتومڕهێنترین پیاوەکانی وڵاتەکە دادگایی بکەن.
 
بەتاوانبارناساندن و سزادانی ترەمپ، پێویستی بە بڕیاری کۆدەنگانەی هەر 12 دادوەر دەبێت.