دادگەیەکی ژاپۆن داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات پەناخوازێکی کورد قەرەبووبکاتەوە

20-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکی شاری تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن فەرمانیکرد، حکومەتی ئەو وڵاتە هەزار و 600 دۆلار وەکو قەرەبوو بە پەناخوازێکی کورد بدات لەبەر ئەوەی لە ساڵی 2019 لە لایەن کارمەندی ناوەندێکی کۆچبەرانەوە تووندوتیژیی بەرامبەر کراوە. 
 
دادگەی تۆکیۆ ئەمڕۆ رایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی هەڵسوکەوتی کارمەندێکی ناوەندێکی کۆچبەرانی باکووری رۆژهەڵاتی تۆکیۆ، لەگەڵ پیاوە کوردەکە نایاسایی بووە. 
 
دادگە دەڵێت، کاتێک کە دەستەکانی پەناخوازە کوردەکە لە پشتەوە کەلەپچە کرابوون، کارمەندەکەی ناوەندی کۆچبەران، بە پەنجەی بەرانی، ئازاری چەنەگەی داوە. دادگە ئەو کارە بە تووندوتیژی و نایاسایی دادەنێت و لەسەر ئەوە داوای قەرەبووکردنەوەی سکاڵاکارەکە دەکات. 
 
کێنجی شینۆدا، دادوەری سەرپەشتیکاری دادگەییکردنەکە گوتی: "ئەو رەفتارانە نایاسایی بوون و پێویست نەبووە کاری لەو جۆرە بکرێت."
 
پیاوە کوردەکە خەڵکی باکووری کوردستانە، تەمەنی 44 ساڵە و خۆی بە ناوی دەنیز بە میدیای ژاپۆنی ناساندووە، رەتیکردووەتەوە ناوی تەواوی ئاشکرابکات لە ترسی ئەوەی لە تورکیا و باکووری کوردستان خێزانەکەی رووبەڕووی کێشەببنەوە. 
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، دەنیز لە شوباتی 2017 گوێزرابووەوە بۆ ناوەندی کۆچبەرانی هیگاشی نیهۆن دوای ئەوەی کە داوای مافی پەنابەرێتیی لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە رەتکرابووەوە. 
 
لە ساڵی 2019، داوای چارەسەری دەروونیی کردبوو، بەڵام کارمەندەکانی ناوەندەکە پێیانی نەدابوو، ئەویش بەهۆی ئەو گوشارەی لەسەری هەبووە دەستیبە هاوارکردن کردبوو، ئەمە وەک لە سکاڵاکەیدا هاتووە. 
 
دەنیز داوای 81 هەزار و 760 دۆلار وەک قەرەبوو کردبوو چونکە بە گوتەی خۆی لە لایەن ژمارەیەک کارمەندی ناوەندەکە هێرشی کراوەتەسەر و بۆ ماوەی چەندین رۆژ خرابووە ژوورێکی یەک کەسییەوە بەهۆی ئەوەی پێلەقەیەکی لە سکی کارمەندێک دابوو، بەڵام دەنیز پێیوابووە ئەو رێوشوێنانەی دژی گیراونەتەبەر، نایاسایی بوون چونکە ئەو هێرشی نەکردبووە سەر کەس. 
 
حکومەت پێیوابوو رێوشوێنەکان یاسایی بوون، چونکە شوێن رێنماییەکان نەکەوتووە. 
 
لە دۆسیەکەدا، حکومەتی ژاپۆن ڤیدیۆی ساتی قۆڵبەستکردنی دەنیزیان پێشكێش بە دادگەکە کردبوو، کە پێشانیدەدات پێنج یان شەش کارمەندی ناوەندی کۆچبەران بەسەر دەنیزدا دەقیژێنن و بە زۆر دەیخەنە سەر زەوی و کەلەپچەی دەکەن، لە کاتێکدا ئەو بەهۆی ئازارەوە هاوار دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە