ساڵی رابردوو بایدن و هاوژینەکەی زیاتر لە 579 هەزار دۆلار داهاتیان هەبووە

20-04-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ      

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی باجی ئەمریکا، جۆ بایدن، سەرۆک و جیل بایدن خانمی یەکەم، لە ساڵی 2022دا داهاتیان 579 هەزار و 514 دۆلار بووە و بەمەش داهاتی ساڵی رابردوویان کەمتر بووە بە بەراورد لەگەڵ داهاتی ساڵی 2021دا.
 
رۆژی سێشەممە 18ی نیسانی 2023، کۆشکی سپی، نوێترین راپۆرتی باجدانەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی ئەمریکایان بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆگ ئیمهۆفی، هاوژینی، ساڵی رابردوو 456 هەزار و 918 دۆلاریان بەدەستهێناوە، کە ئەمەش دابەزینی بەرچاوی لە داهاتەکانیان بەراورد بە ساڵی 2021، هەبوو کە ئەو ساڵە یەکێک لە خانووەکانیان فرۆشتبوو.
 
ساڵی رابردوو بایدن و هاوژینەکەی 169 هەزار و 820 دۆلاریان لە باجی داهاتی فیدراڵی و ویلایەتەکانی دیلاوێر و ڤێرجینیا بەیەکەوە داوە. لەو بڕەش 137 هەزار و 658 دۆلار قەرزاری حکومەتی فیدراڵی بوون.
 
داهاتی هاوبەشی سەرۆکی ئەمریکا و هاوژینەکەی پێکهاتووە لە مووچەی ساڵانەی سەرۆکایەتی کە 400 هەزار دۆلار بووە، کە ئەو بڕەش لەلایەن کۆنگرێسەوە دیاریکراوە، لەگەڵ بڕێک خانەنشینی. جۆ و جیڵ بایدن زیاتر لە 5 هەزار دۆلاریان لە دوو کۆمپانیا بەدەستهێناوە، کە پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، ئەو دوو کۆمپانیایە دامەزرێنراون تایبەت بە کۆکردنەوەی داهاتی بایدن و خێزاکەی لە بەرامبەر بە نووسین و گوتارەکانیان، بەڵام داهاتی ساڵی رابردوویان لەو دوو کۆمپانیایانە زۆر کەمتر بووە لە داهاتی ساڵی 2021یان کە 62 هەزار دۆلار بووە. 
 
لەگەڵ ئەوەش کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە کە جیڵ بایدن لە بەرامبەر بە وانەگوتنەوەی لە کۆلێژی ڤێرجینیای باکوور بڕی 82 هەزار و 335 دۆلاری وەرگرتووە.  
 
لە راپۆرتی باجدانی سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، لە ساڵی 2022، بایدن و هاوژینەکەی بڕی 20 هەزار و 180 دۆلاریان داوە بە کاری خێرخوازی و بەسەر 20 رێکخراوی خێرخوازی جیاوازدا دابەشیان کردووە، لەنێویشیان 5 هەزار دۆلاریان داوە بە دەزگەی (بەو بایدن) کە ئەو رێکخراوە بەناوی کوڕە کۆچکردووەکەی بایدنەوە ناونراوە و ئامانجی کارەکانیان پاراستنی منداڵانە لە دەستدرێژیکردن. 
 
لە ساڵی 2021، جۆ بایدن و هاوژینەکەی 610 هەزار دۆلار داهاتیان بووە و بڕی 150 هەزار دۆلاریش باجیانداوە. 
 
کۆشکی سپی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی باجدانی ساڵانەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکای دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی شەفافانە لە دوای ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە ئەو کارە راگیرابوو.
 
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن جارێکی دیکە، پابەندبوونی خۆی بە شەفافبوون لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا سەبارەت بە وردەکاری دارایی و باجدان دووپاتکردووەتەوە و ئاشکراشیان کرد ئێستا بایدن 25 ساڵی وردەکاری باجدانی کارکردن و خزمەتی خۆی بڵاوکردووەتەوە.  
 
دوای چەندین ساڵ بە نهێنی هێشتنەوەیان، راپۆرتی شەش ساڵی وردەکاری باجدانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای، لەنێویشیان چوار ساڵی ماوەی سەرۆکایەتی، لە رێگەی لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە بۆ رای گشتی بڵاوکرانەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە بێت، ترەمپ لە ساڵی یەکەم و دوا ساڵی سەرۆکایەتیشیدا، کەمترین باجی فیدڕاڵی داوە و ئاماژە بەوەش کراوە کاتێک ترەمپ لە کۆشکی سپی بووە زیانی زۆر بە داهاتی ساڵانەی کەوتووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە