85 کەس لە یەمەن بەهۆی پاڵەپەستۆ لە کاتی دابەشکردنی یارمەتیی دارایی گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە کاتی دابەشکردنی یارمەتیی دارایی بەسەر خەڵکدا، بەهۆی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵخییەوە لانیکەم 85 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەمە بە دوایین نەهامەتیی هەژارترین وڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەبی دادەنرێت کە ماوەیەکی کەم بەر لە جەژنی رەمەزانی پیرۆز دێت، هەروەها بە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوی پاڵەپەستۆی چەندین ساڵی رابردووی وڵاتەکە دادەنرێت. 
 
رووداوەکە لە ناوچەی بابولیەمەن لە سەنعای پایتەختی ئەو وڵاتە دروستبووە. بەرپرسێکی ئەمنیی حوسییەکان گوتی، لانیکەم "85 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 322ـی دیکەش برینداربوون."
 
بەگوێرەی بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، "ژن و منداڵ لەنێو ئەوانەدان کە گیانیان لەدەستداوە." بەرپرسێکی تەندروستیی یەمەنیش ئاماری مردووان و بریندارانی رووداوەکە پشتڕاستدەکاتەوە.
 
یارمەتییە داراییەکەی دابەشکراوە، پێنج هەزار ریاڵی یەمەنی بووە بۆ هەر کەسێک کە دەکاتە نزیکەی هەشت دۆلاری ئەمریکی. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کارەساتەکە لە قوتابخانەیەکدا دروستبووە کە تێیدا یارمەتیی دارایی بەسەر خەڵکەکەدا دابەشدەکرا. شایەتحاڵەکان قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە و ئاماژەیان بەوەداوە، سەدان کەس لەو وڵاتە هەژارە کۆببوونەوە بۆ ئەوەی یارمەتییەکە وەربگرن. 
 
میدیای حوسییەکان ڤیدیۆیێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، کۆمەڵێک تەرم پێکەوە لە شوێنێک کەوتوون، خەڵکیش بەسەر شان و ملی یەکدی دەکەون بۆ ئەوەی رێگەی خۆیان بکەنەوە تا بە بڕە پارەکە بگەن.
 
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە لایەن ئەوانی دیکەوە بە دەست دەمیان گیراوە و تەرمی ئەوانی دیکەش کەوتوونەتە ژێر پێی قەرەباڵخییەکە.
 
سەربازەکان و کارمەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکە، هاوار لە خەڵکەکە دەکەن بۆ ئەوەی بچنە دواوە لە کاتێکدا کە خەڵک لە نێو پاڵەپەستۆیەکە دەردێنن. حوسییەکان رایانگەیاند، تەرمەکان و بریندارەکان گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک و ئەوانەشی کە لە دابەشکردنی یارمەتییەکە بەرپرس بوون، دەستگیرکراون. 
 
وەزارەتی نێوخۆی حوسییەکان باسی لەوە نەکرد بە دیاریکراوی چەند کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام گوتی "دەیان کەس بەهۆی پاڵەپەستۆ لە کاتی دابەشکردنی هەڕەمەکیی پارە لەلایەن هەندێ لە بازرگانەکانەوە، گیانیان لەدەستداوە."
 
حوسییەکان باس لەوە دەکەن، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە. 
 
هەژاریی بەربڵاو

خێزانەکان بەپەلە چوونە نەخۆشخانەکان، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان رێگەیان پێنەدرا بچنە ژوورەوە، چونکە بەرپرسانی باڵا سەردانی بریندارەکانیان دەکرد.

ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەبەر دەرگەی نەخۆشخانەکە کۆببوونەوە و هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی چڕ لە دەوروبەری ئەو قوتابخانەیەدا بڵاوبوونەتەوە کە رووداوەکەی تێدا دروستبووە. ئەوان رێگرییان لە کەسوکاری مردوو و بریندارەکان کردووە بچنە نێو قوتابخانەکە بۆ دۆزینەوەی ئازیزانیان.

زیاتر لە هەشت ساڵ شەڕی نێوخۆ بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێک لە یەمەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهان ناوی دەبات.

ململانێکان لە ساڵی 2014 دەستیان پێکرد کاتێک حوسییەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بەسەر شاری سەنعادا گرت، ئەمەش وایکرد هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتیی سعودیە لە ساڵی دواتردا دەستوەردان بکات بۆ پشتگیریکردنی حکومەتە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکەی یەمەن.

شەڕ و پێکدادانەکان لە دوای ئاگربەستێکی شەش مانگە کە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی رابردوودا راگەیێندرا، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە، وێڕای ئەوەی کە وادەی ئاگربەستەکە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا تەواو بوو. 

زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەنێویاندا کارمەندانی حکومەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان کە ساڵانێکە مووچەیان پێنەدراوە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 21.7  ملیۆن کەس کە دوو لەسەر سێی خەڵکی وڵاتەکە پێکدێنن، ئەمساڵ پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.

کارەساتی پاڵەپەستۆکە دڵخۆشیی گۆڕینەوەی دیلەکانی نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی وڵاتەکە کاڵ دەکاتەوە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 900 دەستگیرکراو ئازادکران.

رۆژی دووشەممە زیاتر لە 100 دیلی دیکە لە سعودیەوە بەرەو یەمەن گواسترانەوە.