ئەمریکا؛ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیادکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا بە خێرایی زیاد دەکات، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و نیگەرانییە ژینگەییەکانی پەیوەست بە سووتەمەنییە نەریتییەکان، بووەتە هۆکار بۆ زۆربوونی خواست بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا.
 
جەیمز هاپ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کیا دەڵێت، "خواستێکی زۆر بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستبووە. لەڕاستیدا هەر ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی کە بەرهەمی دەهێنین بە خێرایی دەفرۆشرێت، ئەمەش هێمایەکە بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان. ئەگەر چاو بە ئامارەکانی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا بخشێنینەوە، ئێمە دووەم گەورە فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی کارەبایی بووین لە ئەمریکا؛ خواست زۆرە و خستنەڕوو کەمە."
 
نرخی یەک لیتر بەنزین لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 1 دۆلار. بەپێی رێکخراوی گواستنەوەی ئەمریکا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە، ئێستا لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دوو یان سێ هێندە هەرزانتر دەوەستێت بۆ هاووڵاتیی ئەمریکی.
 
جیم مۆتاڤێلی، شارەزای بازاڕی ئۆتۆمبێل دەڵێت، "بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنن دەتوانن بیفرۆشن. کێشەی ئەوان ئەوەیە کە ناتوانن قەبارەی بەرهەمهێنان زیادبکەن. بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل ئێستا بەنیازن لەڕێگەی تەکنۆلۆجیای زیرەکەوە ئاستی بەرهەمهێنان زیادبکەن، بەڵام ئەوان هەندێک کێشەیان هەیە وەکو کێشەی کەمیی چیپی ئەلیکترۆنی و ئاڵۆزییەکانی ئۆکراینا و رووسیا."
 
بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا لە ساڵی 2021 بە رێژەی 26% گەشەی کرد و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵیش بەردەوام بێت لە گەشەکردن.