سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پیرۆزبایی نەورۆز دەکات

20-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پیرۆزبایی هاتنی نەورۆز دەکات و دەڵێت، "هەموو رۆژتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز."
 
رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "نەورۆزتان پیرۆز. بۆ هەموو ئەوانەی بەبۆنەی هاتنی بەهار و سەرەتایە نوێیەکانی ئاهەنگ دەگێڕن، هیوای تەندروستییەکی باش و خۆشگوزەرانیی بەردەوامتان لە ساڵی نوێ بۆ دەخوازم."
 
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە کۆتایی پەیامەکەی کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی، "هەموو رۆژتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز."
 
پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەسەر ئاستێکی باڵا بوو. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ من و جیڵ [خانمی یەکەمی ئەمریکا] پیرۆزبایی نەورۆز لە ملیۆنان خەڵکی جیهان دەکەین کە یادی نەورۆز دەکەنەوە."
 
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد.
 
لەبارەی نەورۆزەوە بلینکن نووسیویەتی، "نەورۆز لە هەموو ئەوانە پیرۆز بێت، کە یادی گەیشتنی بەهار و دەستپێکە نوێیەکان دەکەنەوە." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "با بەیەکەوە پەیوەندیی خێزانی و بەڵێنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بپارێزین."
 
پۆلینا هوارد، بەرپرسی بەشی میدیا لە رێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - یونسکۆ لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بەوەی "ئایا نەورۆزیان وەکو جەژنی هیچ نەتەوەیەکی تایبەتی دیاریکردووە یان نا؟" رایگەیاند، کاتێک بۆنەیەکی "پڕ بەهای کولتووری دەخرێتە نێو لیستی پەیماننامەی یونسکۆ، تایبەت بە پاراستنی کەلەپووری کولتووریی دەستلێنەدراو، ئەو هەنگاوە واتای ئەوە ناگەیێنێت بۆنەکە تایبەتە بە لایەنێکی دیاریکراو یان خاوەندارییەکەی بۆ یەک لایەن دەگەڕێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی یونسکۆ دەڵێت، نەورۆز کە بە چەندین شێوەی دیکەی وەک (نەورۆز، نوڤروز، نوروز، نەوریز، نوروز، نەڤروز) ناوی دەهێندرێت، دەڵێت، "ساڵی 2016 لەسەر داوای ئەفغانستان، ئازەربایجان، هیندستان، عێراق، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کازاخستان، کیرغیزستان، پاکستان، تاجیکستان، تورکیا، تورکمەنستان و ئۆزبەکستان خرایە نێو لیستی نوێنەرایەتیی یونسکۆ تایبەت بە کەلەپووری کولتووریی دەستلێنەدراو."
 
بەگوێرەی یونسکۆ، نەورۆز "لە چەندین کۆمەڵگەی دیکەی وڵاتانی دیکەش پیرۆز دەکرێت و بەگشتی ژمارەی ئەو کەسانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن دەگاتە 300 ملیۆن کەس."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە