سەرۆکوەزیرانی هیندستان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکات؛ 'ساڵی نوێ پڕبێت لە سەرکەوتن'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هیندستان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکات و دەڵێت، "لەم رۆژە پیرۆزەدا هیوای باشی و دڵخۆشیی هەموو بۆ لایەک دەخوازم."
رۆژی چوارشەممە، 20-03-2024، نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە هەژماری خۆی لە ئێکس پەیامێکی بەبۆنەی هاتنی نەورۆز بڵاوکردەوە.
مۆدی نووسیویەتی، "نەورۆزتان پیرۆز، لەم رۆژە پیرۆزەدا هیوای باشی و دڵخۆشیی بۆ هەموو لایەک دەخوازم."
سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت، "هیوادارم ساڵی نوێ پڕبێت لە سەرکەوتن، گەشە و پێشکەوتنی یەکگرتوویی."
زەردەشتییەکانی هیندستان کە بە پارسییەکان ناسراون ساڵانە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن. مێژووی گێڕانی ئاهەنگی نەورۆز لە هیندستان بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلەکان دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات بۆ ماوەی 19 رۆژ ئاهەنگیان دەگێڕا.
پەیامی پیرۆزبایی نەورۆز لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوامە.
شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، حاکمی دوبەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بەبۆنەی هاتنی نەورۆز بڵاوکردەوە و نووسی، "گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکەین، کە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن. هیوای ساڵێکی خۆشیان بۆ دەخوازین."
ئال مەکتووم هەروەها گوتی، "رۆژەکانتان پڕ بن گوڵی بەهارە، ئاشتی و ئاسایش؛ لە خۆشگوزەرانی و سەقامگیریدا گەشە بکەن."
جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، "نەورۆزتان پیرۆز. بۆ هەموو ئەوانەی بەبۆنەی هاتنی بەهار و سەرەتایە نوێیەکانی ئاهەنگ دەگێڕن، هیوای تەندروستییەکی باش و خۆشگوزەرانیی بەردەوامتان لە ساڵی نوێ بۆ دەخوازم."
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە کۆتایی پەیامەکەی، کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، "هەموو رۆژتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ من و جیڵ [خانمی یەکەمی ئەمریکا] پیرۆزبایی نەورۆز لە ملیۆنان خەڵکی جیهان دەکەین کە یادی نەورۆز دەکەنەوە."
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد.
لەبارەی نەورۆزەوە بلینکن گوتی، "نەورۆز لە هەموو ئەوانە پیرۆز بێت کە یادی گەیشتنی بەهار و دەستپێکە نوێیەکان دەکەنەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "با بەیەکەوە پەیوەندیی خێزانی و بەڵێنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بپارێزین."
بە گوێرەی رێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - یونسکۆ، نەورۆز "لە چەندین کۆمەڵگەی دیکەی وڵاتانی دیکەش پیرۆز دەکرێت و بەگشتی ژمارەی ئەو کەسانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن، دەگاتە 300 ملیۆن کەس."