دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا: ئەو پەناخوازە عێراقییەی پلانی کوشتنی جۆرج بووشی دانابوو، سزادرا

20-03-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
    
پەناخوازێکی عێراقی، کە پلانی کوشتنی جۆرج بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای دانابوو، بە 178 مانگ زیندانیکردن سزادرا.
 
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا، کە میدیای وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، پیاوێکی عێراقی کە دانیشتووی ویلایەتی ئۆهایۆ بووە، پلانی ئەوەی داڕشتبوو کە جۆرج بووش، سەرۆکی پێشتووری ئەمریکا بکوژێت. 
 
جۆرج بووشی کوڕ ساڵانی 2001 بۆ 2009 سەرۆکی ئەمریکا بوو. دادگە لەو بەڵگەنامەیەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پەناخوازە عێراقییەکە ویستبووی ژمارەیەک "شوێنکەوتووی داعش" کە ئەوانیش هاووڵاتی عێراقی بوون لە سنوورەکانی مەکسیکەوە بگەیێنێتە ئەمریکا و بووش بکوژن. 
 
پەناخوازە عێراقییەکە کێیە؟ 
 
لەو بەڵگەنامەیەی دادگەی باڵای ئەمریکادا هاتووە، پەناخوازە عێراقییەکە ناوی (شیهاب ئەحمەد)ـە و تەمەنی 53 ساڵە. شیهاب فەرماندەیەکی پێشووی سوپای عێراق بووە؛ "بەرپرس بووە لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی عێراقی و خاپوورکردنی وڵاتەکە."
 
ئەیلوولی 2020، شیهاب بە ڤیزای گەشتکردن چووبووە ئەمریکا و لە شاری کۆلومبسی ویلایەتی ئۆهایۆ و چەند ناوچەیەکی ویلایەتی ئیندیانە نیشتەجێ ببوو. دواتر، لە ژمارەیەک چێشتخانە و فرۆشگا کاری کردووە.
 
ئاداری 2021، شیهاب داوای مافی پەنابەریێتیی لە ئەمریکا دەکات، بەڵام پێش ئەوەی بڕیار لەبارەی کەیسەکەیەوە بدرێت دەستگیرکرا. هەروەها شیهاب تۆمەتبارە بەوەی بەڵگەنامەی جیابوونەوەی لە هاوسەرە عێراقییەکەی ساختە کردووە بە مەبەستی ئاسانکردنی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتی، "بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی ئەمریکی بکات." 
 
لە یەکێک لە گفتوگۆیە تۆمارکراوەکاندا کە لەلایەن ئێف بی ئایەوە پارێزراوە، شیهاب دانی بەوەدا ناوە کە ویستوویەتی، "بەشداربێت لە جێبەجێکردن و کوشتنی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆرج بووشی کوڕ." هەروەها، ئەوەشی گوتووە  شانازی بەوەوە دەکات ژیانی خۆی لە پێناو کوشتنی ئەو بەرپرسەی ئەمریکادا بەخت بکات. 
 
‏بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی لەلایەن میدیای ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، پەناخوازە عێراقییەکە چەکی بۆ رێکخراوی قاعیدە دابینکردووە؛ ئەمە کاتێک جەنگی رێکخراوەکە و سوپای عێراق لە 2003ـوە دەستیپێکرد. هەروەها، شیهاب تۆمەتبارکراوە بەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی ئامادەکردووە و دژی سەربازانی سوپای ئەمریکا بەکاریهێناون. 
 
پلانەکە چۆن بووە؟ 
 
ئەو پلانەی پەناخوازە عێراقییەکە داینابوو بە هاوکاری دوو بەرپرسی هەواڵگریی پێشووی عێراق بووە، کە بەشێک بوون لەو  حەوت کەسەی بە نیازبوون لە سنوورەکانی مەکسیکەوە خۆیان بگەیێننە ئەمریکا.
 
‏لەو بەڵگەنامەیەی دادگەدا دەرنەوکەوتووە کە کۆی ژمارەی ئەوانەی پلانەکەیان داڕشتووە چەند کەس بوون، بەڵام ئەوە هاتووە یەکێک لە پلاندانەرەکان کە ناوەکەی ئاشکرانەکراوە پلانەکەی بۆ هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکراکردووە؛ لە بەڵگەکەی دادگەدا ناوی ئەو کەسە بە "سی ئێس وەن" هاتووە.
 
ئەو کەسەی پلانەکەی ئاشکراکردووە، پاییزی 2021 لەلایەن شیهابەوە بە نزیکەی 40 هەزار دۆلاری ئەمریکی گەیێندرابووە خاکی ئەمریکا. ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای عێراق پێیوابوو یەکێک لە هاوکارەکانی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە، بەڵام راستییەکەی "ئەو کەسە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ شیهابدا لەژێر چاودێری و ئاراستەکردنی ئێف بی ئای [نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی] بووە."
 
‏لەنێوان نیسانی 2021 بۆ ئاداری 2022، چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان "سی ئێس وەن" و شیهابدا کرابوو. هەروەها، شوباتی 2022، شیهاب و "سی ئێس وەن" چووبوونە ویلایەتی تێکساس. لەوێ لە شاری داڵاس، هەردووکیان دیمەنی دەوروبەری ماڵەکەی جۆرج بووشی کوڕ، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکایان تۆمارکردبوو؛ ئەمە جیا لە تۆمارکردنی دیمەنی دەرچەی سەرەکی ماڵەکەی بووش. 
 
مانگی ئاداری 2022، شیهاب لەلایەن هێزی هاوبەشی رووبەڕووبوونەوەی سەر بە ئێف بی ئای دەستگیرکرا و ئاداری رابردوو تۆمەتبارکرا بە دابینکردنی پاڵپشتی مادی بۆ "تیرۆریستان". شوباتی ئەم ساڵ فەرماندەکەی پێشووی سوپای عێراق بە 178 مانگ زیندانی لەلایەن دادگەی فیدراڵیی ئەمریکاوە سزادرا.
 
دادگەکە و میدیای ئەمریکا هیچ لەبارەی "سی ئێس وەن" و ئەو کەسانەی دیکە ئاشکرانەکردووە، کە بڕیاربوو بەشداری لەو هەوڵەی کوشتنی بووشدا بکەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاووڵاتییانی ئەڵمانیا گوڵ لە شوێنی رووداوەکە دادەنێن. وێنە: Ronny Hamann- AFP

پۆلیسی ئەڵمانیا: هێرشکارەکەی بازاڕی کریسمس لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی ناڕازیبووە

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەو کەسەی شەوی رابردوو بە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕێکی کریسمس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە 5 کەسی کوشت و زیاتر لە 200ـی دیکەی بریندارکرد، لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی سعودیە ناڕازیبووە.