گۆی زەوی 'لە لێواری قەیراندایە' و 'ئەگەری زۆرە 2024 ببێتە گەرمترین ساڵ لە مێژوودا'

20-03-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی چاودێریکردنی کەشوهەوای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە ئەم ساڵ گەرمترین ساڵ بێت لەوکاتەوەی پلەی گەرمی تۆمار کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە تائێستا ساڵی رابردوو بە گەرمترین ساڵ تۆمار کراوە.
 
ئاژانسی (WMO) رۆژی سێشەممە، راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە. لەگەڵ ئەو راپۆرتەدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریی دا لە فراوانبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و رایگەیاند، "گۆی زەوی لە لێواری قەیراندایە."
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، ساڵی رابردوو ژمارەی پێوانەیی شکاندووە لە بەرزیی پلەی گەرمی. هەروەها لە ساڵی 2014 بۆ 2023، گەرمترین دەیە بووە لەسەر گۆی زەوی.
 
لە ساڵی 1850وە بە شێوەیەکی زانستی پلەی گەرمیی گۆی زەوی تۆمار دەکرێت.
 
لەوبارەیەوە، عومەر بەدوور، بەرپرسی بەشی چاودێریی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئاژانسی (WMO) دەڵێت، "ئەگەری زۆرە کە ساڵی 2024، ژمارەی پێوانەیی ساڵی 2023 دەشکێنێت."
 
ئاژانسی چاودێریی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە، ساڵی رابردوو پلەی گەرمی بە رێژەی 1.45 پلە بەرزبووەتەوە بەراورد بە پلەی گەرمیی ساڵانی 1850-1900.
 
هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە فراوانبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات و دەڵێت، "گۆی زەوی زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ لێداوین و پیسبوونی ژینگە لەڕێگەی بەکارهێنانی سووتەمەنیی بەردینی، ئاڵۆزیی زیاتری بۆ ژینگە دروستکردووە و گۆی زەوی نزیککردووەتەوە لە لێواری قەیران."
 
لە درێژەی راپۆرتەکەدا، ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، ساڵی رابردوو، بەستەڵەکەکان زۆرترین تواندنەوەیان بەخۆوە بینیوە لەدوای ساڵی 1950.
 
ئەندریا سێلێستێ ساولۆ، سکرتێری گشتیی ئاژانسی WMO دەڵێت، گۆی زەوی زەنگی سووری لێداوە، "ئەوەی لە ساڵی 2023 بینیمان، مایەی نیگەرانییەکی قووڵە، بەتایبەتی لە ئاستی گەرمبوونی دەریا، تواندنەوەی بەستەڵەکەکان و لەدەستدانی بەفری نێو دەریا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا