رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە ئاهەنگی نەورۆزدا پێشوازی لە ژمارەیەک کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییانی ئێرانی کرد و گوتی: "ئاهەنگەکانی نەورۆز لەلایەن ملیۆنان کەس لەسەرانسەری جیهان دەگێڕدرێن، ئاهەنگەکان لە چەند ناوچەیەکی جیهان لە نێویاندا هەولێر دەگێڕدرێن کە زۆربەیان دەرفەتی سەردانیکردنیانم هەبوو."
رۆژی 20-3-2023، کۆشکی سپیی ئەمریکا خوانێكی تایبەت بە ئاهەنگی نەورۆزی لە هۆڵی رۆژهەڵاتی کۆشکەکەی گێڕا و تێیدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئاهەنگەکانی نەورۆز لە مێژوودا لەلایەن گەلانی ناوچەکە لە فارس و هەروەها ناوچەکانی دیکە لە شارەکانی کابول، هەولێر و باکوو دەگێردران." کە بەگوتەی خۆی دەرفەتیی سەردانیکردنیانی هەبووە.
لە ئاهەنگەکەدا جگە لە بایدن، جێلی هاوژینی ئامادە بوو، هەردووکیان جەختیان لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بە سزاگەیاندنی بەرپرسانی ئێرانی بەرپرس لە هێرشکردنە سەر خەڵک، کردەوە.
ساڵانە لە نێو کۆشکی سپی ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕدرێت، بەڵام بە گوتەی بایدن، هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ گەورەتر و قەرەباڵختر نەبووە.
بایدن گوتی: "ساڵی نوێی نەورۆز بە واتای هیوا دێت بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە بە رۆژانێکی تاریکدا تێدەپەڕن. ئێمە دەزانین نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان، لە کاتێکی سەختدا دێت، ئەو هیوایەی کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر نیازیان پێیەتی دێت، هەروەها هیوا بۆ ژنان لە ئێران کە شەڕی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بنچینەیی دەکەن."
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا جەختی لە پشتگیریکردنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردەوە و گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو ژنە بوێرانە و هاووڵاتییانی ئێران دەوەستێت کە بەو بڕوایەیان ئیلهامیان دایە جیهان، لێرەوە دووپات لە ئازایەتی راستەقینەیان دەکەمەوە؛ ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین لە بە سزا گەیاندنی بەرپرسانی ئێران لەسەر هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانیان.
لە ئاهەنگەکەی کۆشکی سپی ژمارەیەک کەسایەتی کورد بانگهێشتکرابوون، لەوانە بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری سینەمایی بەناوبانگی کورد، هەروەها سینەم محەممەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە واشنتن.
سینەم محەممەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە واشنتن لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا pic.twitter.com/nNFpVkrdvG
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 20, 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ