رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە و رەخنە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا دەگرێت و دەڵێت، "بە شێوەیەکی دڕندانە" کورد و کریستیانەکانی ئەو پارێزگایە دەستگیر دەکات. هەروەها دەڵێت، هێزەکە "زیندانی نهێنی" لە پارێزگاکەدا هەیە.
رۆژی دووشەممە 20-3-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی تایبەت بە "پراکتیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022" لە جیهان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرنجی خستووەتەسەر مافەکانی مرۆڤ پەیوەست بە تاک، رێکخراو، سیاسەتڤان و چالاکڤانانی سڤیل ئەوەش لە چوارچێوەی جاڕنامەی جیهانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی ساڵی 1948.
لە 50 ساڵی رابردوودا، ساڵانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک نەریتێكی سیاسی، راپۆرتی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان پێشکێشی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات، لەو راپۆرتەدا باس لە رەوش و بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتانە دەکات کە ئەمریکا هاوکاری دارایی و سیاسییان پێشکێش دەکات هەروەها وڵاتانی دیکەی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای یاسای ساڵی 1961 تایبەت بە هاوکارییە بیانییەکان و هەروەها یاسای بازرگانی ساڵی 1974ی کۆنگرێسی ئەمریکا.
لە راپۆرتی ساڵانەی ئەمریکادا چەند پێوەرێک دەگیرێنەبەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی مافی مرۆڤ لە وڵاتان، دیارترینیان ئازادی رادەربڕین، ئازادی رۆژنامەڤانی، شێوازی مامەڵەی حکومەت و هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لەگەڵ خەڵک و میدیا، تووندوتیژی و پێشێلی مافی مرۆڤ و دەستگیرکردنی بێ بنەما و هەڕەمەکی.
یەکێك لەو وڵاتانەی کە لە راپۆرتی ساڵی 2022یدا تیشک خراوەتە سەر عێراقە و تێیدا ئاماژە بە "ئەشکەنجەدان" لە نێو زیندانەکان دەکات و دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی بە زۆری دانپێدانان قەدەخەکراون، بەڵام تائێستاش هیچ یاسا و مەرجێک نییە گەرەنتی ئەوە بکات زیندانییان ئەشکەنجە نەدرێن؛ هێزە ئەمنییەکان هێشتا توانایان هەیە زیندانییان لە چاوی چاودێران بشارنەوە."
راپۆرتەکە رەخنەی تووند لە دادگاییکردنی زیندانییان دەگرێت و دەڵێت: "نە لە دەستوور و نە لە یاسای عێراقی شێوازی ئەشکەنجەدان دیاری نەکراوە بۆیە دەستنیشانکردنی رەفتاری هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ زیندانییان و پۆڵێنکردنی وەک ئەشکەنجە ئەستەمە، هەروەها دادوەران بەبێ ئەوەی گرنگی بدەن بە شێواز و رێگەی وەرگرتنی دانپێدانانی زیندانییان، بڕیاری خۆیان دەردەکەن و زیندانییان دادگایی دەکەن."
دادگاکانی عێراق زۆر جار وەرگرتنی بە زۆری دانپێدانان وەک بەڵگەی سەلمێندراو وەردەگرن و لە هەندێ دادگاییکردنەکانی تایبەت بە ئەندامانی داعش ئەو رێگەیە بەکارهێنراوە.
راپۆرتەکە لەسەر زاری چەند رێکخراوێكی ناحکومی عێراقی باس لەوە دەکات کە "چەندین بەرپرسی عێراقی هەن ئەشکەنجە، سزادان و چەندین رێگەی نامرۆڤانە دژ بە زیندانییان بەکاردەهێنن."
لە راپۆرتەکەدا ناوی ئەو هێزانە هێنراوە، لەوانە: "هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێ یەکە لە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی رووبەڕووی لێپێچینەوە و سزادان ببنەوە، کارەکانیان دەکەن."
سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەو پرۆسەیە کردووە و دەڵێت: "سەرەڕای بوونی یاسایەکی تایبەت بە سزادانی ئەو لایەنانەی کە بە هەڕەمەکی خەڵکی دەستگیر دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێشتا چەندین کەس بە هەڕەمەکی و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستگیر دەکرێن، زۆربەی کات لە عەرەبە سوننەکانن و بەشێكیشیان لە ئاوارەکانی ناوچەکانی رۆژئاوای عێراقن."
"حەشدی شەعبی کورد و کریستیان دەستگیر دەکات"
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی "بەشێوەیەکی دڕندانە" و "لە دەرەوەی یاسا" کورد، تورکمان، کریستیان و کەمینەکانی دیکە لە پارێزگای نەینەوا دەستگیر دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە دوو لیوای حەشدی شەعبی داوە، ئەوانیش هێزەکانی 30 و 50ی حەشدی شەعبین و لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "بەرپرسن لە چەندین هەراسانکاری، دەستگیرکردنی نایاسایی، رفاندن و دەستبەسەرداگرتنی خەڵک، بۆ ئەو مەبەستەش هێزەکانی 30ی حەشدی شەعبی چەند زیندانییەکی نهێنییان لە پارێزگای نەینەوادا دروستکردووە و تێیدا دەیان کەس لەسەر بنەمای تایفی و بەبێ هیچ بەڵگەیەک دەستگیرکراون، ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی خێزانی ئەو دەستگیرکراوانە ناچار دەکەن بڕێكی زۆری پارە بدەن لە بەرامبەر رزگارکردنی کەسوکاریان."
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، حەشدی شەعبی لە کەربەلا، باشووری دیوانییە، بابل و پارێزگای موسەننا دەیان کەسایەتی و چالاکڤانی سۆشیال میدیای بە تۆمەتی "لایەنگری بەعس" دەستگیرکراون ئەوەش لە دوای ئەوەی رەخنەیان لە هەڵکشانی هەژموونی ئێران و گەندەڵی پارتە سیاسییەکان گرتووە.
ئێران "دڕندانە" وەڵامی خۆپێشاندانە ئاشتییانەکانی داوەتەوە
راپۆرتی ساڵی 2022ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە مافی مرۆڤی وڵاتان تیشکی خستووەتەسەر ئێران و تێیدا دەڵێت "رژێمی ئێران" بە شێوەیەکی دڕندانە وەڵامی خۆپێشاندانە ئاشتییانەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی داوەتەوە ئەوەش لە دوای "گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە گرتووخانەی تایبەت بە پۆلیسی رەوشت."
راپۆرتەکە دەڵێت: "رژێمی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافە سەرەکییەکانی هاووڵاتییانی بە ئازادی، ئازادی رادەربڕین، ئازادی ئایینی و بیروبۆچوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ