لە بەریتانیا خۆپێشاندان دژی سیاسەتەکانی وڵاتەکە بەرامبەر کۆچبەران دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

"بە دەنگی بەرز هاوار بکەن.. لێرە پێشوازی لە پەناخوازان دەکرێت،" ئەمە درووشمی خۆپێشاندەرانە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کە دژی رێکارە تووندەکانی حکومەتی وڵاتەکەیان بەرامبەر کۆچبەران ناڕەزایی دەردەبڕن. پۆستەری خۆپێشاندەرانیش گوزارشت لە پاڵپشتیکردنی پەناخوازان دەکەن.
 
خۆپێشاندانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 18ی مانگ سوێلا براڤەرمان، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا چووە رواندا بۆ چاودێریکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی پەناخوازان لەلایەن وڵاتە ئەفریقییەکەوە.
 
وەزیری نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، "پارساڵ بینیمان خەڵک لە نۆکەندی ئینگلیز لە کاتی شکستخواردنی هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا دەگریان. کاری مرۆڤانەش ئەوەیە کە چارەسەری دیکە بدۆزرێتەوە. ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ نیشتەجێکردنەوەی خەڵکی بۆئەوەی ژیانێکی سەلامەت و مسۆگەریان هەبێت."
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان لەندەن و کیگالی، هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بچێتە بەریتانیا، ئەگەر ئاسایش لە وڵاتی خۆی نەبێت، ئەو کاتە دەنێردرێتە رواندا؛ بۆ ئەوەش بەریتانیا 170 ملیۆن دۆلار دەداتە رواندا.
 
تاوەکو ئێستا کەس نەنێردراوەتە رواندا و کەیسەکە لە دادگەی باڵای لەندەنە و حکومەتی وڵاتەکەش دەڵێت، ئەگەر بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەواندا بدرێت، لە سێ مانگی داهاتوودا پەناخوازان دیپۆرتی رواندا دەکرێن.
 
ڤینسێنت بیروتا، وەزیری دەرەوەی رواندا رایگەیاند، "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، دروستکردنی چارەسەری داهێنەرانەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکسان.. سەلامەتی، ئاسایش و دەرفەت بە پەناخوازان و کۆچبەران بدەین، تاوەکو ژیانێکی شایستە بژین. دەزانین ئەمە چارەسەرێکی نوێیە، بەڵام هیوادارین کاتێک وڵاتانی دیکە دەبینن سەرکەوتووە، ئەوانیش روو لەم چارەسەرە بکەن."
 
هەموو چیرۆکەکە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە دەستپێدەکات. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، لە ساڵی رابردوودا لانیکەم 45 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، زیاتر لە 3000 کۆچبەر لەو رێگە ئاویەوە چوونەتە بەریتانیا.