20-03-2020
00:54
بۆ یەکەمجار لە ئیسرائیل کەسێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
بۆ یەکەمجار لە ئیسرائیل کەسێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا
درەنگانی شەوی هەینی 20-03-2020 لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئۆرشەلیم پیاویکی 88 ساڵانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، ئەوەیش یەکەم کەسە لەو وڵاتە کە بەو هۆیەوە دەمرێت.
راگەیاندنی نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پیاوە بە سەختی تووشی ڤایرۆسەکە بووە و چەند نەخۆشییەکی دیکەیشی لەگەڵدا بووە.
تاوەکو ئێستا لە ئیسرائیل 705 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 15 تووشبوو چاک بوونەتەوە، کەسێک بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
23:27
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا: پێنج تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا: پێنج تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج کەسی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی تورکیادا ئاماژە بەوە کراوە کە هەر ئەمڕۆ پشکنینی تاقیگەیی ڤایرۆسی کۆرۆنای 311 کەس ئەرێنی بووە.
تاوەکو ئێستا لە تورکیا 670 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و تاوەکو ئێستا نۆ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
22:42
پۆمپەیۆ: دەبێت چین زانیارییەکانی لەبارەی کۆرۆناوە لەگەڵ جیهان دابەش بکات
پۆمپەیۆ: دەبێت چین زانیارییەکانی لەبارەی کۆرۆناوە لەگەڵ جیهان دابەش بکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنە لە هەڵوێستی چین لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەگرێت و دەڵێت، دەبێت پەکین زانیارییەکانی لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە لەگەڵ جیهان دابەش بکات.
مایک پۆمپەیۆ جارێكی دیکە رەخنەکانی ئاراستەی حکومەتی چین کرد و لەبارەی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە ناڕوون ناوبرد و رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکومەتی چین بە شێوەیەکی ناڕوون مامەڵەی کرد و زانیارییەکانی لە جیهان شاردەوە.
پۆمپەیۆ ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت چین سەرجەم ئەو زانیاری و ئەزموونانەی تایبەت بە کۆرۆنا هەیەتی لەگەڵ جیهان دابەشیان بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، پاراستنی خەڵک ئەرکە و روونی و دابەشکردنی زانیارییەکان لەکاتی شیاوی خۆیدا بابەتێكی ئێجگار گرنگ و سەرەکییە.
پۆمپەیۆ جەختی لەوە کردەوە، "ئەم بابەتانە نابێت وەک یاریی سیاسی یان تۆڵەسەندنەوە تەماشا بکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
22:40
شەش کەسی دیکە لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی شەش کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی راگەیاند، کە پێنج کەسیان پیاون.
راگەیێندراوی ژمارە 24ـی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، تیمەکانی تەندروستی بۆ دۆزینەوە و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە رۆژانە بەردەوامن و لە 24 کاژێری رابردوو 178 پشکنین بۆ گومانلێکراوان کراوە.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، 27 گومانلێکراو لە هەولێر، 64 گومانلێکراو لە سلێمانی، 78 گومانلێکراو لە دهۆک ئەنجامدراون و دەرکەوتووە کە شەش کەس تووشی کۆرۆنا بوونە. تووشبووەکان پێنج کەسیان رەگەزی نێرن کە تەمەنیان لە نێوان 23 ساڵان تاوەکو 70 ساڵاندایە. تووشبووەکەی دیکەش ئافرەتە و تەمەنی 24 ساڵانە.
بە گوتەی وەزارەتی تەندروستی، سێ لە تووشبووەکان خزمن و بەرکەوتووی مامۆستا ئایینییەکەن کە گیانی سپارد و یەکێکیش لە تووشبووەکان لە ئیسپانیا گەڕاوەتەوە.
لەبارەی ژمارەی کەرەنتینەکان، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 548 کەس لە 26 شوێنی جیاواز کەرەنتین کراون، هەزار و 630 کەس لە کەرەنتین ماونەتەوە کە بەمشێوە دابەشبوونە:
هەولێر: 866 کەس
سلێمانی: 395 کەس
دهۆک: 266 کەس
هەڵەبجە: 38 کەس
گەرمیان: 44 کەس
راپەڕین: 36 کەس
کۆیە 25 کەس
دوو هەزار و 918 کەس لە کەرەنتین دەرچوون و گەڕاونەتەوە نێو ماڵی خۆیان. ئەمڕۆ هەینی 20-3-2020 75 کەسی دیکە کەرەنتین کراون.
کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 47 تووشبوون، 13 کەسیان چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، تووشبووەکان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوا لە دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی دەکات، بێباک نەبن لە راسپاردە و رێنماییە تەندروستییەکان.
21:48
تەندروستی عێراق: ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ 208 کەس بەرزبووەوە
تەندروستی عێراق: ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ 208 کەس بەرزبووەوە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 15 تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تۆمار کردووە و بەوەش ژمارەی تووشبووان لە عێراق بۆ 208 کەس بەرز بووەوە.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ لە تاقیگەکانی تەندروستیی گشتی لە عێراق 350 پشکنین کراون و 15یان ئەرێنی بوون".
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەمڕۆ سێ کەسی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
15 تووشبووەکە بە گوێرەی پارێزگاکانی عێراق بەم جۆرەن:
بەغدا: شەش
نەجەف: دووان
موسەننا: دووان
بەسرە: چوار
سلێمانی: یەک
21:23
لە ئیتاڵیا چوار هەزار و 32 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
کۆرۆنا لە 163 وڵات و هەرێمی جیهان بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە 11 هەزار تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، پشکی هەرە زۆری ئەو ژمارەیە بەر ئیتاڵیا کەوتووە کە ژمارەی تووشبووان و مردووان بە خێرایی بەرزدەبنەوە.
لە ئیتاڵیا چوار هەزار و 32 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. لە 24 کاژێری رابردوو زیاتر لە شەش هەزار کەس لە ئەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون 627 کەسیش مردوون. کۆی ژمارەی تووشبووانیش 47 هەزار و 21 کەسن.
زیاتر بخوێنەوە
20:14
کۆریای باشوور هاووڵاتیەکانی خۆی لە ئیتاڵیا دەگەڕێنێتەوە
کۆریای باشوور هاووڵاتیەکانی خۆی لە ئیتاڵیا دەگەڕێنێتەوە
کۆریای باشوور بە نیازە لەڕێگەی دوو فڕۆکەوە نزیەکەی 570 هاووڵاتیی خۆی لە ئیتاڵیا بگەڕێنێتەوە کە ئێستا زۆرترین رێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا تۆمار کراوە.
لە سەرەتادا کۆریای باشوور دووەم وڵات بوو لە دوای چین لە رووی ژمارەی تووشبووانەوە، بەڵام ئێستا حکومەتی ئەو وڵاتە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی کۆنترۆڵ کردووە و لە رووی زیانەکانی ڤایرۆسەکەوە زۆر لەدوای ئیتاڵیاوەیە.
ئەو هاووڵاتییانەی کۆریای باشوور کە لە ئیتاڵیا ماون، هەوڵیان داوە خۆیان تیکتی فڕۆکە پەیدابکەن، بەڵام بەهۆی گرانیی نرخەکەیەوە نەیاتوانیوە بیکڕن، بۆیە حکومەتی سیئۆل بڕیاری دا لە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هاوکارییان بکات.
بە درێژایی ماوەی بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆریای باشوور فڕۆکەی تایبەتی بۆ چین، ئێران و ژاپۆن نارد بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی.
هاوکات بۆ رێگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا، حکومەتی رۆما بڕیاری داوە بە بڕی 206 یۆرۆ سزای ئەو کەسان بدات کە بەبێ هۆ لەسەر شەقامەکان هاتووچۆ دەکەن.
دوایین ئامارەکانیش نیشانی دەدەن لە ئیتاڵیا41 هەزار و 35 تووشبوو تۆمار کراون و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 405 کەس گیانیان لەدەستداوە.
19:43
حاکمی نیویۆرک بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی: خۆتان بۆ خراپترین دۆخ ئامادە بکەن
حاکمی نیویۆرک بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی: خۆتان بۆ خراپترین دۆخ ئامادە بکەن
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، حاکمی نیویۆر باسی لە مەترسییەکانی کۆرۆنا کرد و رایگەیاند، ئەوەی لە تواناماندا بێت کردوومانە و دەیکەین، "بەداخەوە پێویستە خۆتان بۆ خراپترین دۆخ ئامادە بکەن".
ئاندرو کۆمیۆ، حاکمی نیویۆرک رایگەیاند، هەموو کەسێک کە کارەکەی گرنگ نەبێت بۆ پاراستنی ئاسایش و تەندروستی دەبێت لە ماڵەوە بێت و هەموو کۆبوونەوەیەک بۆ هەر مەبەستێک بێت قەدەخەیە.
لە نیویۆرک هەموو رێستورانت و باڕ و شوێنە گشتییەکان بە داخراوی دەمێننەوە جگە لەوانەی کە زۆر پێویستن.
لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا حەوت هەزار و 102 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن کە زیاتر لە سێ هەزار کەسیان تووشبووی نوێن. ئەو حاکمە دەڵێت، چاوەڕوانی تووشبوونی هەزارانی دیکە دەکەین.
زیاتر بخوێنەوە
18:50
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە جیهان گەیشتە 10 هەزار و 389 کەس
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە جیهان گەیشتە 10 هەزار و 389 کەس
کۆرۆنا لە چین کۆنترۆڵکراوە و دوو رۆژە لەنێوخۆی ئەو وڵاتە هیچ تووشبوویەک تۆمارنەکراوە، بەڵام بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە بە وڵاتانی دیکەی جیهان. ژمارەی تووشبووان و مردووان رۆژ بە رۆژ زیاتر بن.
تاوەکو ئێستا 10 هەزار و 415 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترینیان لە ئیتاڵیا، چین، ئێران و ئیسپانیان.
254 هەزار و 653 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوونە و ژمارەی چارەسەربووانیش 87 هەزار و 351 کەسن.
18:10
ژمارەی ئەوانەی لە ئیسپانیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزار و دوو کەس و 235 کەسیش لە 24 کاژێری رابردوو گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە 20 هەزار کەس نزیکدەبنەوە، بەوەش ئیسپانیا دەبێتە چوارەم وڵات کە زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای تێدابێت.
بەپێی ئامارەکان لە حەوت رۆژی رابردوو ژمارەی ئەوانەی بەهۆی کۆرۆناوە مردوون لەو وڵاتە 10 هێندە زیادیکردووە.
ئیسپانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووە.
18:08
حکومەتی بەریتانیا داوا لە پزیشکە خانەنشینبووەکان دەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان
داواکراوە کە دەیان هەزار پزیشک و کارمەندی تەندروستیی ئەو وڵاتە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، حکومەتی بەریتانیا داوای لە پزیشک و پەرستارە خانەنشینبووەکانی وڵاتەکەی کردووە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بۆئەوەی لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوکارییان بکەن.
بەپێی سەرچاوەکانی بەریتانیا داواکراوە کە دەیان هەزار پزیشک و کارمەندی تەندروستیی ئەو وڵاتە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەرپرسانی حکومی دەڵێن، ئەو کارمەندانەی پێشوو پێویستە بگەڕێنەوە بۆ خزمەتکردن لە بەرەکانی پێشەوە دژی کۆرۆنا.
لە سکۆتلەندا، هەرکەسێک لە کەرتەکانی تەندروستی کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا کارەکەیی جێهێشتبێت، داوایلێکراوە کە هەوڵبدات دووبارە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
بەشێکی بەرچاو لە کۆمپانیاکان هۆشدارییان داوە لەوەی کە بە هەزاران کار بەهۆی کۆرۆناوە لەدەستدەچن.
داواکەی حکومەتی بەریتانیا لە پزیشک و پەرستارە خانەنشینووەکان لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە سێ هەزار و 269 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 144 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و 65 کەسیش چاکبوونەتەوە.
18:06
بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک هیچ کەس لەنێو چین تووشی کۆرۆنا نەبوو
هاووڵاتییەک لە شاری ووهانی چین، پاش چاکبوونەوەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کارمەندێکی تەندروستی لەئامێزدەگرێت. وێنە: AFP
کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتمانیی چین ئامارەکانی دوو رۆژی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە کە دەریدەخەن بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک هیچ کەسێک لە نێوخۆی چین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە.
لە 24 کاژێری رابردوو لە چین، 39 کەیسی پشتڕاستکراو و 31 گومانلێکراو تۆمارکراون، بەڵام هەموویان ئەوانەن کە لە دەرەوەی وڵاتەکە گەڕاونەتەوە، هەروەها 3 لە تووشبووەکان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی ئەوانەی کە تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ هەزار و 248 کەس.
ئێستا چین دووەم وڵاتە لەدوای ئیتاڵیا لەڕووی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام لەڕووی ژمارەی تووشبووانەوە هێشتا بە 80 هەزار و 967 تووشبوو لە پلەی یەکەمدا دێت، بەڵام زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە لە ڤایرۆسەکە هەر لە چینە.
بۆ یەکەمجار لە شاری ووهانی چین لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرا و بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەژمارکرا، ئێستا بەپێی گوتەی بەرپرسانی چین، کۆنترۆڵی تەواوی ڤایرۆسەکە کراوە.
18:04
سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە وەزیرەکانی راگەیاند، وڵاتەکەیان لە سەرەتای قەیراندایە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، وڵاتەکەی لە کێبڕکێی خێرادایە لەگەڵ ڤایرۆسەکە.
لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندی کەرتە جیاوازەکان ترسی خۆیان نیشانداوە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی فەرەنسا پێداگیری دەکات لەوەی، دەبێت کۆمپانیاکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ فەراهەمکردنی دۆخێکی سەلامەت و تەندروست بۆ هاووڵاتییەکانی.
هاوکات بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناچاربوونی زۆربەی خەڵک لە مانەوە لە ماڵەکانیان بەردەوامە و زۆربەی زۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاش بەهۆی رێکارە تووندەکانی حکومەتەکانیان، لە شەقام و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکانیان دوورکەوتوونەتەوە.
بە بڕیارێکی حکومەتی فەرەنسا سەرجەم رێستۆرانت، قاوەخانە، سینەما و فرۆشگەکان داخراون و هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن کارەکانیان لە دوورەوە و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامبدەن، کارمەندەکانیان رەوانەی ماڵەوە کردووە؛ ئەوانەشی کە ناچارن لە کۆمپانیاکانیاندا کاربکەن، پەیڕەوی سیستەمێکی تووندی تەندروستی دەکەن لە دوورکەوتنەوە لەیەکدی و شووشتنی دەست و بەکارهێنانی ماددە پاککەرەوەکان.
تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فەرەنسا لە 11 هەزار کەس تێپەڕیوە، لەوانەش 372 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار و 300 کەسیش چاکبوونەتەوە.
17:53
30 کەسی دیکە بە کۆرۆنا لە هۆڵەندا گیانیان لەدەستدا
بەرپرسانی تەندروستیی هۆڵەندا رایانگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 534 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوونە و 30 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا لە هۆڵەندا دوو هەزار و 468 کەس تووشی کۆرۆنا بوونە و 77 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. تەنها دوو کەسیش چاکبوونەتەوە.
17:53
لە رووسیا 54 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و کۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتە 199 کەس کە کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و نۆ کەسی دیکە چاکبوونەتەوە.
10:51
وهزیری تهندروستیی توركیا بڵاویكردهوه، ژمارهی توشبووان له توركیا بۆ 359 كهس بهرزبووهتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەش بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 4 کەس.
فهخرهدین كۆجا وهزیری تهندروستیی توركیا له ههژماری تایبهتی خۆی له توویتهر رایگهیاند، لهماوهی 24 كاژێری رابردوودا پشكنین بۆ ههزار و 981 كهس كراوه، ئهنجامی پشكنینی 168 كهس پۆزهتیڤ دهرچووه. بهمهش ژمارهی توشبووان له توركیا بۆ 359 كهس بهرزبووهوه.
وهزیری تهندروستی هەروەها نوێترین ئاماری گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتە خستووەتەڕوو و رایگەیاند: "بهرهبهیانی ئهمڕۆ، ئافرهتێك له تهمهنی 85 ساڵیدا كه ههڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، گیانی لهدهستدا. كۆی گشتیی ئهو توشبووانهی گیانیان لهدهستدا گهیشته چوار كهس".
بەگشتیش لەماوەی 24 كاژێری رابردوو بەگوتەی وهزیری تهندروستیی توركیا، 191 كهس له سهرانسهری ئەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون.
رێكخراوهكانی كۆمهڵگهی مهدهنی و لایهنهكانی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، رهخنهی تووند له دهسهڵاتدارانی ئاكپارتی دهگرن، بهوهی لهسهرهتادا رێوشوێنی تووند و جددیان گرتبووهبهر بۆ رێگریكردن له تهشهنهسهندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له توركیا، بهڵام رێگهدان بهچوونی خهڵكی بۆ عومره و درهنگ داخستنی سنوورهكان و گهشته ئاسمانییهكان بهڕووی ئهوروپا، هۆكار بووه بۆ زیادبوونی ژمارهی تووشبووان.
09:26
کۆرۆنا زیانی گەورەی بە ئیتاڵیا گەیاندووە؛ تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 405 تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە ئەوروپییە گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرەش لەو رووەوە پێش چین کەوت، کە تێیدا سێ هەزار و 245 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوبووەتەوە سوپای ئیتاڵیا تەرمی ئەو کەسانە دەگوازێتەوە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە شاری بێرگامۆی هەرێمی لامباردی گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی ئیتاڵیا هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە و پسپۆڕانی چینیش گەیشتوونەتە ئەوێ، بەڵام پێیانوایە حکومەت رێکاری تووندی رانەگەیاندووە و خەڵکیش لە جێبەجێکردنی رێنمایی و رێکارەکاندا وەک پێویست یارمەتیدەری بەرپرسان نین.
سون شوپەنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خاچی سووری چینی رایگەیاند: "هەر ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کێشەکانی داخستنی شارەکانم بۆ روون بوونەوە. ئێمە هەر ئێستا لە شاری کۆردۆباوە گەڕاینەوە و لێرە لە شاری میلان دەبینم کە رێکاری تووندوتۆڵی تایبەت بە رێگەگرتن لە یەکتربینینی خەڵک پەیڕەو ناکرێت، چونکە هێشتا ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی کاردەکەن و خەڵکی دەگەڕێن و لە هۆتێلەکان نان دەخۆن و ئاهەنگ دەگێڕن و دەمامکیش بەکارناهێنن".
پزیشک و پەرستارەکان گوشارێکی زۆریان لەسەرە؛ ئەوان داوای جێبەجێکردنی رێکاری تووندتر لە حکومەت و یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن.
پزیشک و پەرستارەکان شەو و رۆژیشیان خستووەتە سەر یەک بۆ یارمەتیدانی خەڵکی؛ ئەوان ئازارێکی زۆر دەچێژن کاتێک خەڵکی بەو جۆرە دەبینن و تەنانەت دەیان کەسیشیان تووشی کۆرۆنا بوون.
لوکا لۆرینی، پزیشک لە نەخۆشخانەی جیۆڤانی لە ئیتاڵیا رایگەیاند: "هیچکات ناگریم. ناتوانم بگریم، بەڵام لە ناوەوە دەکوڵێم. رێژەی تووشبووان لە ناو پزیشک و پەرستاران نزیکەی 20%ە. ئەوەش واتای ئەوەیە زیاتر لە 500 پزیشک و پەرستار تووشی نەخۆشییەکە بوون".
کۆرۆنا کاریگەری گەورەی لەسەر ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەوروپاش هەیە؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ئەوروپا تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.
08:34
بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵابوونەوەی ڤایرۆرسی کۆرۆنا و پاراستنی خەڵکی وڵاتەکەی، حکومەتی پرتوگال بۆماوەی 15 رۆژ باری نائاسایی لەسەرتاسەری پرتوگال راگەیاند.
ئانتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکوەزیرانی پرتوگال لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو رێکارانە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتوویانەتەبەر، بڕیاریانداوە باری نائاسایی لە وڵاتەکەیاندا رابگەیێنن.
لەماوەی ئەم 15 رۆژەدا، بازاڕ و شوێنە گشتییەکان لە پرتوگال دادەخرێن و هاوکات رێگە بە هاتووچۆی خەڵک نادرێت، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵییەوەیە.
لە پرتوگال تاوەکو ئێستا 785 کەس تووشی ڤایرۆرسی کۆرنا بوونە، سێ لە تووشبووەکان گیانیان لەدەستداوە.
08:34
لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە 250 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوونە، لە وڵاتانی ئەوروپاش ژمارەی تووشبوان 100 هەزار کەسی تێپەڕاند.
رۆژانە خەڵکێکی زیاتر لە وڵاتانی ئەوروپا تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن، بەتایبەتیش لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.
تاوەکو ئێستا زۆرترین تووشبوو لە ئەوروپا لە ئیتاڵیا تۆمارکراون و ژمارەیان زیاتر لە 41 هەزار کەس دەبێت، لە دوای ئیتاڵیاش ئیسپانیا لە پلەی دووەمدێت کە زیاتر لە 18 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوونە و لە دوای ئیسپانیاش ئەڵمانیا و فەرەنسا لە پلەی سێیەم و چوارەم دێن.
بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە وڵاتانی ئەوروپا باری نائاساییان راگەیاندووە، بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیان داخستوون و رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر، بەڵام هێشتا نەتواندراوە کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکرێت و رێگری لە بڵاوبوونەوەی بەم شێوە خێرایە بکرێت.
زیاتر بخوێنەوە