ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی دیکەی ئاگربەست لە غەززە ڤیتۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، جارێکی لەبارەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیارێکی جەزائیر بۆ راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست لە غەززە کۆدەبێتەوە، بەڵام ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژەبڕیارە ڤیتۆ دەکات.
 
ئەمریکا دەڵێت، ترسی هەیە پرۆژەبڕیارەکەی جەزائیر کە ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجوومەنی ئاسایش تاوتوێ دەکرێت، زیان بگەیێنێت بەو گفتوگۆ چوار قۆڵییەی لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، قەتەر و میسر هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا رەشنووسێکی ئامادە کردووە کە بۆ یەکەمجارە داوای ئاگربەست دەکات و دژی هەموو جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئیسرائیلیشە بۆ سەر رەفەح.
 
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە و تائێستا ئەمریکا خۆی بەدوورگرتووە لەوەی بە فەرمی وشەی "ئاگربەست" بەکاربهێنێت و چەندجارێکیش لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆی ئاگربەستی کردووە. 
 
بەڵام بەگوێرەی ئەو رەشنوووسەی ئەمریکا ئامادەی کردووە، داوای ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە دەکات. هەروەها بەڕوونی دژایەتی واشنتن بەرامبەر بە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح لە باشووری غەززە دەردەبڕێت و لە رەشنووسەکەدا هاتووە، "لەو دۆخەی ئێستا، هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی بۆ سەر رەفەح، دەبێتە هۆی زیانی زیاتر بۆ سەر خەڵکی سڤیل". 
 
سەرەڕای گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئیسرائیل تاوەکو هێرش نەکاتە سەر رەفەح و هەروەها کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت، بەڵام رۆژی دووشەممە، بێنی گانتس، ئەندامی کابینەی جەنگی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر حەماس سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکات، ئەوا شەڕ لە مانگی رەمەزانیش بەردەوام دەبێت.
 
رەفەح کە دوا خاڵی کەرتی غەززەیە و هاوسنوورە لەگەڵ میسر، بووەتە پەناگەی زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار ئاوارەی غەززە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە بەشەکانی دیکەی کەرتەکەوە ئاوارە بوون. میسریش چەند جارێک دووپاتیکردووەتەوە کە ئامادە نییە هیچ ئاوارەیەک وەربگرێت.
 
ئیسرائیلییەکان رایانگەیاندووە، لەو 250 بارمتەیەی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان لە ‌هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی پار بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل، بردیانن بۆ نێو غەززە، ئێستا لانیکەم 132 بارمتە لە غەززەن کە کوژرانی 29یانی پشتڕاست کردووەتەوە.