گالەری

20-02-2024
11 Photos
رووداو دیجیتاڵ

بورجی ئیفڵ کە یەکێکە لە بەنێوبانگترین ئامانجە گەشتیارییەکانی جیهان، لە رۆژی دووشەممەوە بەرووی گەشتیاران داخرا.
 
داخرانی بورجی ئیفڵ بەهۆی مانگرتنی کارمەندان و کرێکارانی بورجەکەیە، کە داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن.
 
ئەو گەشتیارانەی مەبەستی سەردانکردنی بورجەکەیان هەیە بە سەرسوڕمانەوە رووبەڕووی شاشەیەک دەبنەوە کە لەسەری نووسراوە، "بە داوای لێبووردنەوە، بەهۆی مانگرتن بورجەکە داخراوە."
 
داخرانی بورجی ئیفل لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی حکومەتی فەرەنسا، ژمارەی سەردانکەرانی بورجەکە لە چەند مانگی رابردووەوە زیادبووە. ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی بورجی ئیفڵ دەکەن، کە سێ لەسەر چواریان بیانین.
 
لە کاتی کۆرۆنا لە ساڵی 2020، ژمارەی سەردانکەرانی بورجی ئیفڵ دابەزی، بەڵام لە ساڵی 2022 ژمارەی ئەوە گەشتیارانەی سەردانی ئەو شوێنەیان کرد بەرزبووەوە بۆ 5.9 ملیۆن کەس.
 
کۆمپانیای سەرپەرشتیاری بورجی ئیفڵ داوا لە گەشتیاران دەکات بەرلەوەی سەردانی بورجەکە بکەن، چاویان لە دوایین راگەیاندنی کۆمپانیاکە بێت.
 
کرێکاران و کارمەندنی بورجی ئیفڵ رایانگەیاندووە؛ ناڕازین لە شێوازی بەڕێوەبردنی بورجەکە لە رووی داراییەوە و ئەگەری هەیە مانگرتتەکەیان درێژەپێبدەن.

 

وێنە: AFP