رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رووسیا بە هەڕەشە بۆسەر دیموکراسییەت ناودەبات و دەڵێت، پووتین سیستەمی گەندەڵی وەک چەک بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی سیستەمی حوکمڕانی دیموکراسی وڵاتانی رۆژئاوا. هەروەها بە پێویستیی دەزانێت وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و ئاسیاییەکانی، پێکەوە خۆیان بۆ رکابەریی چین ئامادەبکەن.
لە یەکەمین گوتاریدا بۆ جیهانی دەرەوە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باسی هەڕەشەکانی رووسیا کرد و گوتی: "دەبێت رووبەڕووی هەڕەشەکانی رووسیا ببینەوە چوونکە پووتین بەدوای لاوازکردنی ئەوروپا و هەروەها هاوپەیمانی ناتۆیە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "سەرۆکی رووسیا هێرش دەکاتە سەر دیموکراسییەتی ئێمە و گەندەڵی وەک چەک بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی سیستەمی حوکمڕانیمان. پووتین بەدوای لاوازکردنی ئەوروپا و هەروەها هاوپەیمانی ناتۆیە. دەیەوێت یەکگرتوویی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەناوبەرێت".
جۆ بایدن ئاماژەی بە بەرگریکردنیان لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا و هەروەها وەستان دژی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا بۆ سەر ئەمریکا و ئەوروپا کرد و گوتی: "ئەمانە بابەتێكی سەرەکین بۆ ئێمە".
گوتارەکەی بایدن تەنیا تایبەت نەبوو بە پرسی رووسیا بەڵکو باسی چینیشی کرد و رایگەیاند، دەبێت وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و ئاسیاییەکانی پێکەوە خۆیان بۆ رکابەریی چین ئامادەبکەن.
جۆ بایدن رایگەیاند، دەبێت ئێمە پێکەوە خۆمان بۆ ستراتیجییەتێكی درێژخایەن تایبەت بە رکابەریکردنی چین، ئامادەبکەین. دەبێت ئەمریکا، ئەوروپا و ئاسیا پێکەوە کاربکەن تاوەکو ئاشتییان بپارێزن و بەرگری لە بەها هاوبەشەکانیان بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەژا پێشبینی دەکات رکابەرییان لەگەڵ چین قورس بێت بەڵام لەهەمانکاتدا دەڵێت: "من پێشوازی لەو رکابەرییە دەکەم، ئەو پێشوازییەشم لە باوەڕم بە سیستەمی جیهانییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو سیستەمەی کە ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیای دوور، پێکەوە 70 ساڵ لەمەوبەر بنیاتیانناوە".
رۆژی هەینی 19-2-2021، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشێوەی ئۆنلاین دەستیپێکرد و بڕیارە بە بەشداریی ژمارەیەک سەرکردە، وەزیر و شارەزای دیاری وڵاتانی جیهان گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێک بکرێت، لەوانەش بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نێوان وڵاتانی سەر کەناری زەریای ئەتڵەسی و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە جیهانییەکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ