لە مایەپووچییەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی دارایی؛ چۆن ئۆباما گاڵتەی بە ترەمپ کرد و ئەویش بڕیاری دا ببێتە سەرۆک؟

20-01-2025
لهۆن نەسرەدین
دۆناڵد ترەمپ، 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 20-01-2025 دۆناڵد ترەمپ وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات. چەندین زانیاری هەن لەبارەی دۆناڵد ترەمپەوە کە پێدەچێت بە خوێنەری کورد ئاشنا نەبن، سەردەمانێک مایەپووچ بووە، کەچی دواتر بووە بە ئیمپراتۆرییەتی دارایی و ئێستاش جگە لەوەی سەرۆکە، ملیاردێریشە.
 
دۆناڵد ترەمپ زۆربەی شەوانی لە یانە و هۆڵەکانی سەماکردن لەگەڵ کچاندا بەسەر دەبرد؛ بە رۆژیش بەدوای شوێن و زەوییە بازرگانییەکانەوە بوو، تاوەکو بیانکاتە تاج مەحەل، مۆڵ و گازینۆکانی قومار.
 
رۆژانێك ترەمپ خاوەن ئیمپراتۆریەتی دارایی بوو، تاوەری هەوربڕ و فڕۆکەی تایبەتی هەبوو؛ سەردەمانێکیش هێندە مایەپووچ ببوو، پەنای بۆ وردە بازرگانی دەبرد و تەنانەت ریکلامیشی بۆ دەکردن.
 
ژیانی تایبەت، کاری بازرگانی و هەڵوێستە سیاسییەکانی ترەمپ وێردی سەر زمانی خەڵکی بوون. ئەو کە ئێستا 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکایە، ئەستێرەی شۆ و بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکان بوو.
 
سەرۆکە ملیاردێرەکە
 
لە ژیانیدا ترەمپ بە دەیان هەڵبەز و دابەزی ئابووری و هەوراز و نشێوی سیاسەتدا تێپەڕیوە، کۆڵی نەداوە تاوەکو دواجار بۆ دوو جار بووەتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئیدی روونە، ئێمە بە دەستکەوتێکی سیاسیی گەورە گەیشتین. ئەوەی کردمان شتێکی شێتانەیە، سەرکەوتنێكی سیاسیی گەورەیە. پێش ئێمە تەنیا یەک جار روویداوە."
 
کاتێک ترەمپ دەڵێت، تەنیا یەک جار روویداوە، مەبەستی گرۆڤەر کلیڤلاندە؛ دیموکراتێک کە لە 1885 بووە 22ەمین سەرۆک، چوار ساڵ دواتر سەرنەکەوت، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 1893 بردیەوە و بووەوە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
 
راستە خاڵی هاوبەشی کلیڤلاند و ترەمپ دوو خوولی سەرۆکایەتیی لەیەک دابڕاوە؛ بەڵام کەسایەتییەکان و قۆناخەکان زۆر جیاوازن.
 
تۆماس گیفت، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیوایە جیاوازیی راستەقینەی ترەمپ و ئەوانەی پێش خۆی، "سووربوونی و گیانی رکابەرییەتییەتی. ئەوە تایبەتمەندیی ئەو پیاوەیە، کە لە منداڵییەوە ئەو خەسڵەتەی هەبووە و باوکیشی ئەوەی زانیوە."
 
لە فرێد ترەمپ، پیاوێکی بازرگانی خانووبەرەی بە رەچەڵەک ئەڵمانی و ماری ئان، هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک سکۆتلاندی، دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 1946 لە نیویۆرک لەدایکبووە.
 
دوای دوو ساڵ خوێندن لە  ئەکادیمیای سەربازی و چوار ساڵ لە زانکۆی پێنسلڤانیا، ترەمپ لە 1968 بڕوانامەی لە زانستی ئابووری بەدەستهێنا.
 
هەر لەو ساڵەدا تێکەڵ بە کار و بازرگانی باوکی بوو، لە کەمتر لە ساڵێکدا توانیی لەسەر پێی خۆی بوەستێت؛ دوای نزیکەی 6 ساڵیش توانیی چەند ملیۆن دۆلارێک پێکەوە بنێت.
 
لە ساڵی 1983، لەگەڵ باوکی بە 300 ملیۆن دۆلار تاوەری ترەمپی 58 نهۆمیی دروستکرد، کە لووتکەکەی تێکەڵ بە هەور بوو.
 
ترەمپ خوولیا و خۆشەویستییەکی لەڕادەبەدەری بۆ بازرگانیی خانووبەرە هەیە، ئەوەش لەڕاستیدا بەهۆی ئەوە بووە کە کاریگەری کەسایەتی باوکی لەسەربووە.
 
لیندزی کۆرماک، کۆمەڵناس دەڵێت، "دەبووایە دڵنیابووایە کارەکانی رێک بەو جۆرەن باوکی دەیەوێت. دۆناڵد ترەمپ زۆر سەرسامی باوکی بوو، بەردەوام بەدوای شوێنپێی ئەودا دەڕۆیشت، جگە لە بابەتی سینەما کە ئەوەی دەیکرد دژی خواستی باوکی بوو."
 
ترەمپ لە منداڵییەوە حەزی لە سینەما و نمایشی میدیایی بوو، لە ساڵی 1989 تاوەکو 2001 بەشداریی لانیکەم لە 43 فیلم، زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی و شۆی کۆمیدیدا کردووە، بەشێکیان بە پارە هاوبەشی بەرهەمهێنانیان بووە، واتە خواستی خۆی تێردەکرد و گیرفانیشی پێ گەرم دەکردەوە؛ بەشێکیشیان رێگەی بە بەکارهێنانی تاوەر و هۆتێلەکانی دا لە بەرامبەر دەرکەوتنی تێیاندا، وەک "Home Alone 2" لە ساڵی 1992.
 
لە فیلمە سینەماییەکاندا کەمتر بە ناوی کارەکتەری سینەمایی و زۆرجار بەناوی خۆیەوە دەرکەوتووە. دیارترینی زنجیرەی "ئەپرێنتیس" بوو کە لە 2004 تاوەکو 2015، لانیکەم 15 وەرزی پێشکێش کرد، ترەمپ لە چواردەیان بەشداریی کرد، هاوبەشی بەرهەمهێنانیشی بوو.
 
پارە، دەسەڵات، ناوبانگ، قسە و رێکپۆشی، ترەمپیان بۆ کەسایەتییەکی دیار و هەمیشە جێ باسی بەشی زۆری کۆمەڵگەی ئەمریکی گۆڕی، بەتایبەتی لە سۆشیاڵ میدیا.
 
بەڵام ئەوە تەنیا دیوێكی ترەمپە؛ راستییەکەی ئەوەیە کە ترەمپ هاوکات لەگەڵ سەرقاڵبوونی بە کار و چالاکییە بازرگانی و سەرگەرمییەکانی، زۆرجار سەری بۆ سیاسەتیش خوراوە. جاروبار رەخنەی لە سیاسەتی سەرکردەکانی ئەمریکا دەگرت و هەندێک جار بە "گەمژە" ناوی دەبردن.
 
ترەمپ بە حەسرەتەوە باسی ئەمریکای دەکرد و دەیگوت، هیچ سەرۆکێك نییە پڕ بە پێستی کورسیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بووبێت. ئەو خواستەیشی نەدەشاردەوە، هاوشێوەی یارییەکانی شەڕە بۆکسێن و زۆرانبازی، رووبەڕوویان ببێتەوە و بە هەر نرخێک بێت براوە بێت.
 
دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رۆژی 5ی تشرینی دووەمی بردەوە، نیکۆلاس ریکاردی، شرۆڤەکاری سیاسی باس لەوە دەکات، "بەو جۆرە، هەردوو خەونی بەدەستهێنا، لە لایەک بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆک، لە لایەکی دیکەوە ئەو کورسییەی دەسەڵاتی گرتەوە دەست کە پێشتر بە شیاوی هیچ سیاسەتڤانێکی نەدەزانی."
 
ئەو گلەیی و گازندانە پاڵیان پێوەنا تێکەڵ بە پارتە سیاسییەکان ببێت؛ بەڵام ترەمپ لە گۆڕینی هەڵوێست و بیروباوەڕ و بۆچوونی سیاسیی خۆی، درێخیی نەکردووە.
 
لە ساڵی 1987 تاوەکو 1999 ترەمپ ئەندامی پارتی کۆماری بوو، لە ساڵی 1999 تاوەکو 2001 چووە بەرەی ریفۆرمخوازان، پاشان وازیهێنا و تاوەکو ساڵی 2009 بووە دیموکرات، لە ساڵی 2011 تاوەکو 2012 خۆی وەکو سەربەخۆ ناساند و لە ساڵی 2012 گەڕایەوە بۆ نێو باوەشی پارتی کۆماری.
 
30ی نیسانی 2011 لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا، بۆنەیەکی تایبەت بە ئامادەبوونی زیاتر لە 2500 رۆژنامەڤان، سەتان بەرپرس و سیاسەتڤانی کۆماری و دیموکرات، کەسایەتیی ناوداری ئەمریکی، لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپ، بەڕێوەچوو. بەر لەو شەوە ترەمپ گوتبووی، باراک ئۆباما لە ئەمریکا لەدایک نەبووە و بەڵگەی لەدایکبوونەکەی لە دوورگەکانی هاوای ساختە بووە.
 
ئەو شەوە، باراک ئۆباما، 44ەمین سەرۆکی ئەمریکا بە ئاوێتەیەکی گاڵتەجاڕی و رەخنەی تووند و سووکایەتی هێرشی کردە سەر ترەمپ گوتی، "دۆناڵد ترەمپ ئەمشەو لێرەیە، دەشزانم ترەمپ رەخنەی تووندی ئاراستە کردووم سەبارەت بە شوێنی لەدایکبوونم، هیچ کەس وەک ترەمپ دڵی ئاو ناخواتەوە بەدوای ئەو چیرۆکانەدا بڕوات، هەوڵیش بدە بزانە چیرۆکی چوونی ئەمریکا بۆسەر مانگ راستە یان ساختەیە؟"
 
لەبەردەم پێکەنینی میوانەکان، ترەمپ تووڕەیی خۆی قووتدا، بەڵام لە ناخیدا بە گوتەی هەندێک لە کەسانی دەوروبەری، بەڵێنی دا ببێتە سەرۆکی ئەمریکا؛ ئەو خاڵە وەرچەرخانەی کە نەک تەنیا ژیانی ترەمپ، بەڵکو ئەمریکا و جیهانیشی گۆڕی.
 
دوای 5 ساڵ و نیو لەو شەوەی کۆشکی سپی، ترەمپ و میلانیا، هاوژینە بە رەچەڵەک سلۆڤینیاییەکەی، بە ئۆتۆمبێلێکی گولـلەنەبڕی جام تاریکەوە چوونە بەردەم ئۆباما و میشێلی هاوژینی؛ پاشان وەکو 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، سوێندی یاسایی خوارد.
 
رۆژی 20-01-2017 دۆناڵد ترەمپ وەکو 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "دڵسۆزانە ئەرکی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکەم، خودا پشتیوانم بێت."
 
هەندێک بە پۆپۆلیست ناوی دەبەن، کە لەسەر بنەمای "کەرت بکە و زاڵ بە" کار دەکات. بەلای کەسانێکی دیکەوە بازرگانێکی تینووی قازانجە و هەموو بڕیارەکانی بە هاوکێشەی سوود و زیان دەپێوێت. بۆ بەشێکی دیکەش، ترەمپ نیشتمانپەروەرێکی دژە دامەزراوە و دەوڵەتی قووڵی 200 ساڵەی ئەمریکایە و بەر پیرۆزیی خودا کەوتووە.
 
بە درووشمەکانی "ئەمریکا بەر لە هەموو شتێك، بەرهەمی ئەمریکی بکڕە و بە کرێی بگرە، ماگا، ئەمریکا مەزن بکەنەوە" چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ، جەنجاڵ و پڕ لە مشتومڕ بوون.
 
دوای هەفتەیەک لە دەستبەکاربوونی، ڤیزەی ئەمریکای لە حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان قەدەخە کرد و هەرایەکی گەورەی نایەوە. خۆیشی وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لەدوای ئایزنهاوەر، مەزهەبی خۆی لە پرۆتێستانتەوە بۆ کریستیانێكی نامەزهەبی گۆڕی.
 
بەردەوام کێشەی لەگەڵ دیموکراتەکان هەبووە
 
لە کۆنگرێس ترەمپ بەردەوام کێشەی لەگەڵ دیموکراتەکاندا هەبوو؛ لەسەر باج، کۆچبەری نایاسایی، بەرنامەی تەندرووستی و هەمواری دووەمی دەستوور تایبەت بە فرۆشتنی چەک بە خەڵکی سڤیل و سیاسەتەکانی دەرەوە. ئەو بەردەوام بە هەڵوێست، بڕیار و تویتەکانی جیهانی تووشی سەرسوڕمان دەکرد.
 
لە یەکێک لە تویتەکانیدا نووسیویەتی، "بۆچی کیم جۆنگ ئوون هێرشم بکاتە سەر و بە پیر ناوم ببات، لە کاتێكدا هەرگیز ئەو بە کورتە باڵا و قەڵەو ناو نابەم. زۆر هەوڵ دەدەم ببمە هاوڕێی، لەوانەشە رۆژێک بێت ئەوە روو بدات."
 
دوای دوو کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون، حوزەیرانی 2018 و شوباتی 2019، ترەمپ لە هاوینی 2019دا ناوی چووە مێژووەوە وەکو یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا کە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، پێکەوە بە ناوچەی داماڵدراو لە چەک تێپەڕی و پێی خستە نێو خاکی کۆریای باکوورەوە.
 
چوار ساڵی سەرۆکایەیتی ترەمپ پڕ لە ئاڵنگاری و هەڵبەز و دابەز بوو. لە ئاست رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەند هەنگاوێکی گەورەی نا و بڕیاری دەرکرد.
 
لە ئایاری 2017، ترەمپ سەردانی ئیسرائیلی کرد و جەختی لە هاوپەیمانێتیی ستراتیژیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ کردەوە؛ بە "کیبە"ی جووەکانەوە سەردانی ئەو شوێنەی کرد کە لە ئیسرائیل بە "دیواری گریان" دەناسرێت.
 
لە کانوونی یەکەمی 2017، قودس - ئۆرشەلیمی بە پایتەختی ئیسرائیل ناساند و باڵیۆزخانەی ئەمریکای بۆ گواستەوە؛ پێشێلی بڕیاری 242ی ساڵی 1967ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد کە رۆژهەڵاتی ئەو شارە بە ناوچەیەکی فەلەستینی دەناسێنێت. پاشان دانی بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریادا نا.
 
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوکات رایگەیاند، "بڕیارەکەتان بە داننان بە سەروەریی ئیسرائیل بۆسەر بەرزاییەکانی گۆلان بڕیارێكی مێژووییە. ئێمە سوپاسی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئەو بڕیارە بوێرانەیە."
 
لە ئایاری 2018دا، تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کە بە ئەندازیاریی ئیدارەی ئۆباما لە 2015 واژۆ کرابوو؛ کشایەوە. ترەمپ هەمیشە باوەڕی وابوو، رێککەوتنەکە تارانی بەهێزتر و پارەدارتر کردووە. دەیگوت، 100 ملیار دۆلار چووەتە سەر هەژماریان.
 
ئەوکات ترەمپ هەڕەشەی لە دەسەڵاتی ئێران کرد و گوتی، "لەم نێوەندەدا سزای زۆر قورس بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت، ئەگەر واز لە ئامانجە ئەتۆمییەکانی نەهێنێت رووبەڕووی کێشەی گەورەتر دەبێتەوە."
 
لە ئەیلوولی 2020دا ترەمپ دەستپێشخەریی رێککەوتنەکانی ناسراو بە ئەبرامز-ی خستەڕوو، کە پرۆسەیەکی تایبەت بە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بوو، بڤەیەک بوو سەرەتا بە هەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرێن شکێندرا.
 
رۆژئاوای کوردستان
 
تشرینی یەکەمی 2019، لە قامشلۆ، شارە فرە پێکهاتەکەی رۆژئاوای کوردستان؛ خەڵک بەردیان گرتە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا و رەخنەی تووندیان لە بڕیاربەدەستەکانی ئەو وڵاتە گرت و بە "ناپاک و هاوڕێی نیوەڕێ" ناویان بردن؛ ئەوەش دوای بڕیاری ترەمپ بە کشاندنەوەی نزیکەی 1000 سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان، بەبێ رەچاوکردنی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی.
 
لە کۆشکی سپی ترەمپ هۆکاری بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و گوتی، "نامەوێت هێزی سەربازی لەوێ جێبهێڵم، زۆر مەترسیدارە. سوپاکەی ئێمە کەوتووەتە نێوان دوو سوپای گەورەی ناوچەکەوە. تەنیا ژمارەیەکی کەم دەمێننەوە بۆ پاراستنی نەوتەکە، هەروەها لەسەر داوای ئوردن و ئیسرائیل هێزێکی بچووکمان هێشتووەتەوە."
 
بڕیارەکە رووبەڕووی رەخنەی بەشێك لە شەقامی ئەمریکی، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و تەنانەت کەسانی نزیکی ترەمپیش بووەوە؛ ناڕەزایەتیشی لای زۆربەی سیناتۆرەکان دروستکرد.
 
ترەمپ، ناچار لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە و مایک پێنسی جێگری ناردە ئەنقەرە بۆئەوەی زوو ئاگربەست رابگەیێندرێت و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بوەستن.
 
هەرای میدیای لایەنگری دیموکراتەکان بەردەوام بوو کە هەوڵی دەدا ترەمپ بخاتە گۆشەیەکەوە و پێی بڵێن، "تۆ وازت لە کورد هێنا لە کاتێكدا ئەوان هاوکاریی ئەمریکایان کردووە لە تێکشکاندنی داعش."
 
لە لێدوانێکی دواتریدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "کورد لەپێناو پاراستنی خاکەکەیان دەجەنگن. کەسێك ئەمڕۆ بابەتێكی زۆر بەهێزی لە رۆژنامە نووسیبو و تێیدا گوتبووی، ئەوان هاوکاریی ئێمەیان نەکرد لە جەنگی جیهانیی دووەم، هاوکاریی ئێمەیان نەکرد لە شەڕی نۆرماندی. سەرباری ئەوە، ئێمە پارەیەکی زۆر زۆرمان خەرجکرد لە هاوکاریکردنی کورد لە بواری سەربازی بە پێدانی چەک و پارە. ئێمە کوردمان خۆش دەوێت."
 
کانوونی یەکەمی 2020 سەرکردەکان چوونە داڤۆس، شارۆچکە بەفراوییەکەی سویسرا بۆ تاوتوێکردنی پرسە گەرمەکان؛ یەکێک لە سەرکردەکان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، یەکێکی دیکەیشیان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوەیەکی گەرمی دۆستانەیان ئەنجامدا و ترەمپ، نێچیرڤان بارزانیی بە "شەڕڤانە مەزنەکە" ناوبرد.
 
پرسی چین
 
هەر لە ئەلەمنیۆم و ئاسنەوە بیگرە تاوەکو پانێڵی وەرگری وزەی خۆر، جلشۆر و سەتان بەرهەمی دیکەی دروستکراوی چین، بەر باج و گومرگی ئیدارەی ترەمپ کەوتن. ساڵانە نزیکەی 750 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیاندا هەیە. چین بایی 200 ملیار دۆلار کاڵای زیاتر هەناردەی ئەمریکا دەکات؛ کورتهێنانێک کە لەگەڵ کەسایەتی و بەڵێنەکانی ترەمپ یەکناگرێتەوە.
 
پرسی رووسیا
 
لەگەڵ رووسیای ڤلادیمیر پووتین، ترەمپ چوار ساڵی تاڕادەیەک بێ کێشەی بەسەربرد؛ تەنانەت بەشێک لە دیموکراتەکان ترەمپیان بە "بووکەڵەی دەستی پووتین" ناودەبرد.
 
ناتۆ
 
ناتۆ کێشەیەکی دیکەی ترەمپ بوو لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی؛ لەو بارەیەوە گوتی، "داوا لە ناتۆ دەکەم لانیکەم 3%ی بەرهەمی نێوخۆییان بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخان بکەن، ئەمریکا ناچار نییە هەموو ئەرکی ناتۆ بخاتە سەر شانی خۆی."
 
کار گەیشتە ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی لە رێکخراوی ناتۆ بکات؛ ترس و نیگەرانی نیشتە وڵاتانی ئەندام، ئەڵمانیا و فەرەنسا شڵەژان.
 
تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرا و بایدن و هاریس بردیانەوە؛ 81 ملیۆن دەنگ لە بەرامبەر 74 ملیۆن دەنگ بۆ ترەمپ. ترەمپ گوتی، ساختەکاری کراوە و هانی لایەنگرانی دا رێپێوانی گەورە بۆ بەردەم کۆنگرێس بکەن. لەوێ پشێوی و ئاڵۆزی و پێکدادان دروستبوو؛ کوژراو و برینداریش هەبوون.
 
دواجار هەر بایدن بە 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا و ترەمپیش بۆ ماوەیەک لە مارالاگۆ، هاوینەهەوارەکەی لە فلۆریدا مایەوە و جاروبار لێدوانی دەدا.
 
تاوەکو تشرینی دووەمی 2022 هات و بە فەرمی خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ پۆستی 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند؛ راگەیێندراوێك بوو کە لایەنگرانی سەرسام و دڵخۆش کرد.
 
گینا، لایەنگری ترەمپ ئەوکات گوتی، "زۆر دڵخۆشم، هیوایەکی زۆرم هەیە. بە دڵنیاییەوە دەیبەینەوە ئەگەر دیموکراتەکان وەکو جاری پێشوو ساختەکاری نەکەن."
 
ئیدی سەرئێشەکانی ترەمپ دەستیان پێکرد؛ لە ئاداری 2023 کێشە دادگاییەکانی ترەمپ خرانەوەڕوو, چوار گەورە لیست بە سەرووی 80 تاوان دژ بە ترەمپ بەرزکرانەوە لە خۆدزینەوە لە باج بیگرە تاوەکو شاردنەوەی بەڵگەی نهێنیی حکومەت و هێرشەکانی سەر کۆنگرێس و دەستدرێژیی سێکسی. ترەمپ سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی، دەستێكی سیاسیی شاراوە لەپشتیانەوەیە.
 
ئاڵنگارییەکانی ترەمپ گەیشتە هەڕەشەکردن لە ژیانی، لە تەممووزی 2024 لە شاری بەتڵەری پێنسلڤانیا تەقەی لێکرا، گولـلە بەر بەشی سەرەوەی گوێی راستی کەوت؛ دواتر ترەمپ زیرەکانە و بە جوانی خستیە چوارچێوەی رووحانییەت و چوارچێوەی ئایینییەوە.
 
لەبارەی کاتی برینداربوونی ترەمپ دەڵێت، "خوێن بە هەموو لایەکدا دەڕژا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەستم دەکرد پارێزراوم، چونکە خودام لەگەڵە، هەستم بەوە کرد."
 
لە کانوونی یەکەمی 2024 و لە کەشوهەوایەکی ساردی فەرەنسادا؛ ژینگەیەکی گەرمی ئایینیی تێکەڵ بە سیاسەت لە ئاهەنگی دووبارە کردنەوەی کاتێدراڵی نۆتردامی تەمەن 800 ساڵەی پاریس رێکخرا.
 
لە رێوڕەسمەکەدا 1500 میوان، لەنێویاندا 50 سەرۆک و سەرکردەی جیهان ئامادەبوون؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێك بوو لەوان. نێچیرڤان بارزانی چەندین دیداری کورتی لەگەڵ سەرکردەکان کرد؛ لەوانەش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
 
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ی ئەمریکا ترەمپ بە جیاوازیی نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دەنگ لە هاریسی بردەوە.
 
جەمسەرگیریی سیاسیی ئەمریکا بە زەق و روونی لەنێو ئەو نوخبە سیاسییەی ئەنجوومەنی پیراندا دەردەکەوێت. کۆمارییەکان تەنیا چەپڵە بۆ ناوی ترەمپ و ڤانسی جێگری لێدەدەن؛ دیموکراتەکانیش تەنیا بە هێنانی ناوی هاریس و وۆڵتز کە جێگری بوو؛ هەڵدەستنەوە سەر پێ.
 
ئەم دابەشبوونە، خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ یان هاوشێوەی یەکەمی، پڕ لە ئاڵۆزی و پشێوی دەکات.
 
یان ئەمجارە سەرۆکە 78 ساڵییەکە ئەزموونی خوولی یەکەمی ئاوێتەی دووەمی دەکات بە ژیری و هۆشیاری بەڵام تووند و تۆکمە؛ لەسەر بنەمای درووشمە نوێیەکەی "دەستەبەرکردنی ئاشتی لەڕێگەی هێز،" مامەڵە لەگەڵ نێوخۆی ئەمریکا و جیهانی دەرەوە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا

پووتین: رازین بە پێشنیازی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا رازیبووە، بەڵام پێویستە "هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە" چارەسەر بکرێن و وردەکارییەکانیش بخرێنەڕوو.