ژیریی دەستکرد لە ئاوێنەیەکەوە کە "ناخت دەبینێت" بۆ ئامێرێک کە شوێنی ئازارەکانت دەشێلێت

رووداو دیجیتاڵ

پێشانگەی ئەمساڵی تەکنەلۆژیی لاس ڤێگاس جیاواز بوو؛ زۆربەی ئەو ئامێرانەی نمایشکران ژیری دەستکرد رۆڵی سەرەکیی تێیاندا دەگێڕا، لەوانە ئاوێنەیەک کە لە دۆخی دەروونیی مرۆڤ تێدەگات، لەگەڵ ئامێرێک کە دەزانێت کوێت ئازاری هەیە و بۆت دەشێلێت.
 
ئاوێنەکە کە توانای ئەوەی هەیە لە هەست و دۆخی دەروونیی مرۆڤ تێبگات و لەسەر ئەو بنچینەیە پێشنیاز دەکات، سەرنجی ئامادەبووانی پێشانگەکەی بۆخۆی راکێشا. 
 
هۆنگ لی دییو، بەڕێوەبەری کۆمپانیای باراکۆدا دەڵێ "دەتوانین ژیریی دەستکرد لە ئاوێنەکانماندا بەکاربهێنین، کەواتە بۆچی لێکدانەوە بۆ هەستەکانیشمان نەکات؟ خەڵک دەتوانن لەنێو گەرماوەکاندا ئەو ئەزموونە بکەن."
 
ئەو شتانەی سەرنجی سەردانیکەرانی ئەمساڵی پێشانگەکەیان راکێشا، ئەوانە بوون کە دەتوانرا زیاتر لە ژیانی رۆژانەدا سوودیان لێ وەربگیرێت. 
 
ئامێری مەساجکردن یەکێک بوو لەوان. ئامێرەکە بە ژیری دەستکرد کار دەکات، سەرەتا جەستەی مرۆڤ سکان دەکات، دوای ئەوە دەست بە مەساجکردن دەکات. 
 
ئەندریا نیپۆری، پسپۆڕی تەکنەلۆژیا لەبارەی بەرهەمە نمایشکراوەکانی پێشانگەی تەکنەلۆژیی لاس ڤێگاس لە ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا دەڵێ "شتانێکی پێکەنیناویم بینی کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکەن، شتانێکیش کە هی یاریکردنن. خەڵک شتی شێتانە بە ژیریی دەستکرد دەکەن. ئەگەر تەکنەلۆژیا رێگە بەو جۆرە کارانە بدات، مانای وایە ئێمە گەیشتووینەتە خاڵێکی وەرچەرخان."
 
ئامێرەکانی تایبەت بە خواردن و خواردنەوە جێگەی بایەخی سەردانیکەرانی پێشەنگەکە بوون. رۆبۆتێکێکیش پێشاندرا کە کاری دروستکردنی قاوەیە بەخێرایی و بەپێی دواکارییەکانی کڕیارەکان قاوە ئامادە دەکات.