گەورەترین پارکی وزەی نوێبووەوە بە تێچووی 2.3 ملیار دۆلار لە هیندستان دروستدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

گواتام ئادانی، گەورە ملیاردێری هیندستان پلانی داناوە گەورەترین پارکی سەوزی وزەی نوێبووەوە لە جیهان، لە وڵاتەکەیدا دروستبکات، کە 30 گێگاوات کارەبا لە رێگەی هەوا و خۆرەوە بۆ 18 ملیۆن ماڵ دابیندەکات.
 
گرووپی کۆمپانیاکانی ئادانی لە هیندستان بە هەزاران پانێڵی هەتاوی دروست دەکات و، دوای بەرهەمهێنان، پانێڵەکان دەگوازرێنەوە بیابانی ران ئۆف کەچ نزیک سنووری پاکستان.
 
ئاشۆک مالیک، راوێژکاری بازرگانیی گرووپی ئاسیا لەبارەی پارکی وزەی نوێبووەوە دەڵێ "گرووپی ئادانی، لەسەر سامانی تۆکمە دامەزراوە، بەتایبەتی لە کەرتی ژێرخانی ئابووریدا لە بەندەر، فڕۆکەخانە و سامانی وزەوە. ئەمە لە وڵاتێکی وەک هیندستان، کە چیرۆکی ژێرخانی ئابووری تێیدا لە سەرەتای دەستپێکردندایە، رێگەیەکی درێژی لەپێشە؛ بۆیە ئەمە گرووپێکی زۆر تۆکمەیە و بناخەی بەهێزی هەیە."
 
جگە لە پانێڵ، کۆمپانیاکە تۆربایینی هەوایی گەورە کە درێژیان نزیکەی 80 مەترە، دروست دەکات. تێچووی پارکەکە 2.3 ملیار دۆلارە و بڕیارە لە ساڵی 2027ـدا تەواوبێت.
 
پارکەکە لەسەر رووبەری 726 کیلۆمەتر دووجار دروستدەکرێت کە هێندەی شاری نیویۆرکە.
 
ئێستا، هیندستان سێیەم وڵاتە لە رووی دەردانی زۆرترین دانۆکسیدی کاربۆنەوە، ئەوان دەیانەوێت تاوەکو ساڵی 2070 لە وزەی بەردین و خەڵووز رزگاریان بێت.
 
ئاشۆک مالیک، راوێژکاری بازرگانیی گرووپی ئاسیا هەروەها دەڵێ "کە لەنێو بازرگانیی وزەی هیندستانی، چ ئادانی بیت یان کەسێکی دیکە، ئەو گۆڕانکاری و راگواستنە دەبینیت، پەیمانی سەرۆکوەزیران بۆ کۆتاییهێنان بە گازە زیانبەخشەکان لە 2070 دەبینی."
 
دوای تەواوبوونی، پارکەکە دەتوانێت 30 گێگاوات کارەبا لە رێگەی هەوا و خۆرەوە بۆ 18 ملیۆن ماڵ دابینبکات.
 
حکومەتی هیندستان پلانی داناوە تاوەکو ساڵی 2030، بتوانێت 500 گێگا وات وزەی نوێبووەوە بەرهەمبهێنێت بۆ دابینکردنی نیوەی پێداویستییەکانی خەڵکەکەی.