حوسییەکان بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکان گوێ بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا نادەن و لە هێرشەکانیان بەردەوامن. لە نوێترین لێدوانیاندا دەڵێن، کەشتییەکی بارهەڵگری بازرگانیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکان دەڵێت، "هێزی دەریاوانیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە مووشەکی گونجاو کەشتیی ئەمریکی کێمرینجەریان لە کەنداوی عەدەن کردە ئامانج، سوپاس بۆ خودا ئامانجەکان پێکران. جەخت دەکەینەوە لەوەی بە تووندی وەڵامی دوژمنکارییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەدەینەوە؛ هەر دوژمنکارییەکی نوێ بەبێ وەڵام و سزا نامێنێتەوە".
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکیدا رەتیکردەوە مووشەکەکان ئامانجیان پێکابێت و رایگەیاند: "رۆژی 18ی کانوونی دووەم، نزیکەی کاژێر 9:00ی شەو بەکاتی سەنعا، تیرۆرستییە حووسییە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران، دوو مووشەکی بالیستیان ئاراستەی کەشتیی ئەمریکی کێم رەینجەر کردووە. مووشەکەکە کەوتووەتە نێو دەریا و هیچ زەرەر و زیانێک بەر ستافی کەشتیەکە نەکەوتووە".
 
لە 12ی ئەم مانگەوە ئەمریکا و بەریتانیا یەکەمین هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر چەند بنکە و پێگەیەکی حووسییەکان لە یەمەن ئەنجامدا؛ لەو رۆژەوە پێنج هێرشی کراون؛ دوایینیان بەرەبەیانی 18ی ئەم مانگە بوو.
 
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هێرشیان کردەسەر دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی دژە کەشتی لە باشووری دەریای سوور. هەروەها بە چەند هێرشێكی ئاسمانی چەندین پێگەی حووسییەکان لە نێو یەمەن کرانە ئامانج".
 
هەرچەندە ئەمریکا هەڕەشەی لە حوسییەکان کردووە، ئەگەر واز لە هێرشەکانیان نەهێنن لە 16ی شوبات دەیانخاتە لیستی تیرۆرەوە، هێشتا حووسییەکان لە کردنەئامانجی کەشتییەکان بەردەوامن.
 
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "دەپرسیت ئایا هێرشەکانمان حووسییەکان دەوەستێنێت؟ دەڵێم نەخێر، بەڵام هێرشەکانی ئێمەش بەردەوام دەبن".
 
چوارەم مانگی شەڕی غەززە وا بەرەو کۆتایی دەڕوات و هێشتا یەکلانەبووەتەوە. ئیسرائیل هۆشداری لە فراوانبوونی شەڕەکە لە دیوی لوبنانەوە دەدات و حووسییەکانیش بەڵێنی درێژەدان بە هێرشەکانیان دەدەن بە تاکتیکی نوێ و مووشەکی بەهێزتر.