رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێكدا، خواستی ترەمپ بۆ ئەوەی ناتۆرە لە رکابەرەکانی بنێت، زیاتر دەبێت؛ ئەمجارەش نۆرەی نیکی هەیلییە بەر لە هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان لە ویلایەتی نیوهەمشایەر، کە بڕیارە لە 23ـی ئەم مانگە بکرێت.
ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیاکەی کە ناوی ناوە "ترووس - راستی"، نیکی هەیلی بە "نیمبرا" ناوبرد، وەک ئاماژەیەک بۆ رەچەڵەکە هیندستانییەکەی.
نیکی هەیلی، بەربژێرێكی کۆمارییەکانە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و دەڵێ "تەماشا بکەن؛ هۆکاری هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر من چین؛ بۆ خەڵک جێیدەهێڵم بڕیاری لەسەر بدەن. دەزانم، کە ئەو هەست بە نائارامی دەکات. گرنگی بە شەڕە جنێوەکانی نادەم، چونکە دەزانم هەست دەکات پێگەی لە نیوهەمشایەر لەژێر هەڕەشەدایە."
لە ساڵی 1972ـوەوە کە لە ویلایەتی کارۆلاینای باشووری ئەمریکا لە دایک و باوکێکی هیندستانی لەدایکبوو، نیماراتا نیکی رانداوا، بە ناوە نێوەڕاستەکەی بانگ کرا، کە نیکییە، پاشان لە 1996 لەگەڵ مایکڵ هەیلی ژیانی هاوژینیی پێکهێنا و ئیدی بە نیکی هەیلی ناوبانگی دەرکرد.
هێرشکردنە سەر رەچەڵەک و رەنگی بەربژێر و رکابەرەکانی؛ بەشێكە لە سیاسەتیی ترەمپ بەتایبەتی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا.
بیل باراو، شارەزای سیاسی لەبارەی ترەمپ دەڵێ "چەندین ساڵی لەنێو سۆشیاڵ میدیادا بەسەر بردووە. ترەمپ یەکەم کەس بوو کە هەڵمەتی هێرشکردنە سەر ناوی بەربژێرەکانی دەستپێکرد، لەسەر بنەمای رەنگ و شوێنی لەدایکبوون هێرشی کردە سەر ئۆباما و گوتی شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا."
لە سێ راپرسیی جودادا، ترەمپ سەرووی 50٪ـی دەنگی کۆمارییەکانی نیوهەمشایەری بەدەستهێناوە؛ هەیلی لانیکەم بە 10 خاڵ لە دواوەیەتی. رۆن دیسانتێس-یش لە پلەی سێیەمدا دێت.
لە یەکەمین هەڵبژاردنی بەرایی کە هەفتەی رابردوو لە ویلایەتی ئایۆوا کرا، ترەمپ بە 30 خاڵ پێش هەیلی و دیسانتێس کەوت و براوەی هەڵبژاردنەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ