لە 100 باشترین زانکۆی جیهان 15ـیان لە چینن؛ دوو خوێندکاری کورد باسی ئەزموونی خۆیان دەکەن

رووداو - چین

زەینەب جەبار، وانەیەک لەبارەی کوردستان لە باشترین زانکۆی ئاسیا بۆ هاوپۆلەکانی دەڵێتەوە. ئەو لە بەشی سیاسەتی گشتی و کارگێڕی خوێندکاری ماستەرە، تاکە کچی کوردە لە زانکۆکەی، زانکۆی چینگوا، کە بە هارڤەردەکەی چین دەناسرێت.
 
زەینەب جەبار، خوێندکاری ماستەر قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "ئەگەر قوتابی چینگوا بیت، دەتوانی بگەیتە هەموو شوێنێک؛ تەنانەت دەتوانی ببیتە سەرۆکی وڵات. قوتابییەکانی لێرەن داهاتوویێكی زۆر گەشیان هەیە، ئەو قوتابیانەی بەشی حکومەت و سیاسەت دەخوێنن، حکومەتەکانیان لە ئێستاوە پلانیان بۆ دادەڕێژن کە چۆن سوودیان لێ وەرگرن لە داهاتوودا، چونکە ئەمانە سەرچاوەیەكی مرۆیی گرنگن بۆ داهاتووی وڵات."
 
زانکۆی چینگوا لە ساڵی 1911 دامەزراوە، گەورەترین و باشترینی چینە. بۆ وەرگیران لەم زانکۆیە ساڵانە لە 100 هەزار خوێندکار تەنیا یەک کەسی چینی بەخت یاوەری دەبێت، لەبەر ئاستبەرزیی، دایک و باوکان بۆ وێنەگرتن منداڵەکانیان دەبەنە بەردەم زانکۆکە تاوەکو هانیان بدەن و گەورەیی زانکۆکە لەبیریاندا بمێنێتەوە.
 
ساڵ لەدوای ساڵ، لە چین خوێندکاری بیانی زیاتر دەبن، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە نیو ملیۆن خوێندکار وەرگیراون، لەو ژمارەیەش ساڵانە 20 بۆ 25 خوێندکاری هەرێمی کوردستان ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێ لە چین بخوێنێن، کە لە زۆربەی زانکۆکانی چین زمانی خوێندن ئینگلیزییە.
 
چینگ ژیێێ یێن، راگری زانکۆی سیاسەتی گشتی لە زانکۆی چینگوا بە رووداوی گوت "زۆر گرنگە گەنجانی هەردوو وڵات بەیەکەوە ببەسترێنەوە. بەدڵنیاییەوە زانکۆی چینگوا شوێنێکی باشە بۆ ئەم گەشتەی دەستخستنی زانست. بێگومان کەمێک قورسە، چونکە زانکۆی چینگوا یەکێکە لە باشترین زانکۆکان، بەڵام شایەنە و دەیهێنێت! هەروەها لێرە دەتوانیت شارستانییەتێکی دیکە بدۆزیتەوە."
 
بژار سەفەر، خوێندکارێکی دیکەی هەرێمی کوردستانە و لە بەشی کشتوکاڵ لە زانکۆی بەیژینگ فۆرێستەری لە چین دەخوێنێت، جگە لەوەش، ئەو لەو زانکۆیەدا باڵیۆزی خوێندکارە نێودەوڵەتییەکانە و بەرپرسی بەشی نێوخۆیی خوێندکارە بیانییەکانیشە.
 
بژار سەفەر، قوتابی ماستەر دەڵێ "من پاڵپشتیی قوتابییان دەکەم تاوەکو بێنە چین یان هەر وڵاتێک کە خۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوەی بچن خوێندنی خۆیان تێیدا تەواو بکەن، چونکە ئەمە دەبێتە پشتیوانییەک بۆ کەیس و مێژووی ئێمەی گەلی کورد. بۆ ئەوەی ئێمە وڵاتانی دەرەوە بناسین، هەروەها پەیوەندی دروستبکەین."
 
هەر کە گوێمان لە ناوی چین دەبێت، راستەوخۆ بیرمان دەچێتە لای کاڵا و کەلوپەلی بازرگانیی چینی، بەڵام چین پێشەنگی زیرەکیی دەستکرد، پیشەسازیی دیجیتاڵی و زانستە، لە لیستی 100 باشترین زانکۆی جیهاندا 15ـیان چینین.