شارێکی ونبوو لە دارستانی ئەمازۆن دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە دارستانی ئەمازۆن لەو بەشەی دەکەوێتە ئیکوادۆرەوە، پاشماوەی شارێکی گەورە دۆزراوەتەوە کە مەزەندە دەکرێت لە هەمانکاتدا دەیان هەزار کەسی تێدا ژیابێت.
 
پێشتر وا دەزانرا کە ئەمازۆنییەکان تەنیا بەشێوەی گرووپی بچووک ژیاون، بەڵام خەریکە دەردەکەوێت هەمووان بەهەڵەدا چووبوون.
 
بەگوێرەی تێگەیشتنی شوێنەوارناسان، خەڵکی ئەم شارە لەنێوچووە تازە دۆزراوەیە لە دەوروبەری 2500 تاوەکو 1000 ساڵ لەمەوبەر ژیاون.
 
شارەکە لە رێگەی ئامێری پێشکەوتوو و بەهۆی پێوانی چڕیی خاکەکەی تاوەکو 300 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دۆزراوەتەوە؛ شارێکە ژمارەیەکی زۆر لە پاشماوەی خانووی دوو تا سێ مەتر بەرزی تێدایە، هەروەها پڕە لە رێگەی جۆراوجۆری پێکەوەبەستراو.

 

 
پرۆفیسۆر ستیفن رۆستاین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکەیە لە سەنتەری نیشتمانیی فەڕەنسا بۆ توێژینەوەی زانستی، ئەو دەڵێت، "ئەمەیان کۆنترە لە هەموو ئەو شوێنانەی پێشتر لە ئەمازۆن دۆزیومانەتەوە. ئێمە روئیایەکمان لەبارەی شارستانییەت هەیە کە چەقەکەی ئەوروپایە، بەڵام ئەم دۆزینەوەیە وادەکات کە بیرکردنەوەمان بەرامبەر بە کولتوور و شارستانییەت بگۆڕدرێت".
 
توێژەران سەرەتا لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا بەڵگەیان لەبارەی هەبوونی ئەم شارە لە ئەمازۆنی ئیکوادۆر دۆزییەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لێکۆڵینەوەکان لەبارەیەوە بە ئامانج گەیشتبن و ئەمەی ئێستا ئەنجامی 25 ساڵ لێکۆڵینەوەیە.

 

 
 
ئەنجامەکە پێمان دەڵێت، ئەگەرچی جارێ زۆر لەبارەی خەڵکی ئەم شارەوە نازانرێت، بەڵام روونبووەتەوە کۆمەڵگەکەی هەروا سادە نەبووە و تەنانەت لە شارستانییەتی ناسراو بە مایا گەورەتر بووە.
 
پێشتر وا دەزانرا شارستانییەتی مایا لە مەکسیک و ناوەڕاستی ئەمریکای باشوور (1500ـی پێش زایین تاوەکو 900ـی دوای زایین) تاکە کۆمەڵگە و کۆبوونەوەی مرۆڤایەتی بووە لە مێژووی ئەو کیشوەرەدا.