کوردێکی ئێزدی کتێبێک بە زمانی ئەڵمانی لەسەر ئێزدییەکان بڵاودەکاتەوە

20-01-2023
هێمن عەبدوڵڵا
عوسمان گیودەن میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو
عوسمان گیودەن میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عوسمان گیودەن ساڵانێکی درێژە لە ئەڵمانیا دەژی، کاری زۆری بۆ کوردانی ئێزدی کردووە و دەڵێت، زۆر دڵخۆشە بەوەی کە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیای دا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنێت. کتێبێکی نوێی بە ناونیشتانی "لە قوڕی کوردستانەوە بۆ بەردی ئەڵمانیا" بڵاوکردووەتەوە.
 
عوسمان گیودەن میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و، لەبارەی کتێبە نوێیەکەی رایگەیاند، "هەشت ساڵە خەریکی نووسینەوەی کتێبەکەمم و هیچ پەلەیەکم تێیدا نەکردووە، تەواوی زانیارییەکان بە پشتڕاستکراوەیی نووسراون، بڕیاربوو لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بڵاوبکەینەوە، بەڵام ویستمان لە بۆنەیەکی مەزندا بڵاویبکەینەوە، بۆیە کاتەکەمان گۆڕی بۆ 22ـی ئەم مانگە، شتێکی خۆشیش بوو بە تایبەت دوای بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی کتێبەکەم بڵاوبکەمەوە".
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 22/1/2023، لە رێوڕەسمێکدا، عوسمان گیودەن کتێبەکەی لە ژێر ناوی "لە قوڕی کوردستانەوە بۆ بەردی ئەڵمانیا" بڵاوبکاتەوە.
 
لە بەرگی دواوەی کتێبەکە وێنەی خۆڵ و قوڕی کوردستانە و لە بەرگی پێشەوە وێنەی چەند بەردێکە لە ئەڵمانیا، لەوبارەیەوە عوسمان گوتی، "ئێمە لە ناوچەی شێریا خەرزای سەر بە باتمان لە باکووری کوردستان دەژیاین، لەوێ تەواوی خانووەکانمان لە قوڕ دروستکرابوون، بەرد بەکارنەدەهێنران. کاتێک هاتینە ئەڵمانیا لێرە شتێکی دیکە بوو، زۆربەی بەرد بوو، دواتر کە کتێبەکەم نووسی، بیرم لەو ناوە کردەوە، خۆم و ماڵبات و هاوڕێکانم هاوڕابووین لەسەر ناوەکەی، بۆیە کتێبەکەم بەو ناوەوە کرد".
 
عوسمان گیودەن ماوەی 32 ساڵە وەک وەستا کاری دروستکردنی خانوو دەکات بە بەرد، چیرۆکێکی باڵکیشی خۆی باسکرد لە بەرنامەکەدا و گوتی، "ساڵی 1981 هاتمە ئەڵمانیا، دوای شەش ساڵ پەیوەندییەکانم لەگەڵ سیاسییەکان دروستبوو، ساڵی 1988 لە ئەڵمانیا لەگەڵ هێربەرت شنۆو، سیاسەتڤان و وەزیری نێوخۆی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن لە شاری دووسەڵدۆرف کۆبوومەوە و کاتێک چوومە ژوورەکەی تابلۆیەکی مافووری بچووک بە لایەکی دیواری ژوورەکەی هەڵواسرابوو، تێیدا ناوی کورد و کوردستان هەبوو، من سەرم سووڕما، ئەوەم بیر کەوتەوە کە دەیان گوت ئەڵمانیا بەرامبەر کورد باش نییە و ئەو کورد بە تیرۆر ناو دەبات، بەڵام کە ئەوەم بینی تێگەیشتم کە ئەمەی دەگوترێت لەسەر ئەڵمانیا راست نییە. پێم گوت ئەمە چییە، کێ بە تۆی داوە. گوتی: بارزانییەکان بەمنیانداوە".
 
عوسمان گیودەن کە زیاتر لە 40 ساڵە کار بۆ کوردانی ئیزدی دەکات و دەیەوێ زیاتر بە کۆمەڵگەی ئەڵمانییان بناسێنێت، باسی لەوەش کرد، کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە، 74ـەمین فەرمان بوو بەسەر کوردی ئێزدی کە ئەوان تاکە گوناهیان پاراستنی زمان و کولتوور و رەسەنایەتیی کوردە. دەشڵێت، "کاتێک فەرمانەکەم بینی زۆر گریام، بەڵام هەڵویستی پەرلەمانی ئەڵمانیا زۆر گرنگ بوو، کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان دەنگدانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و ئێستا ئێزدییەکان کەوتوونەتە فۆکەسی جیهان، بۆیە نابێت ئێزدییەکان خۆیان بەشتی بچووک سەرقاڵ بکەن".
 
پەرلەمانی ئەڵمانیا بەو هەنگاوەی، بووە چوارەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێنێت. پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان لە ساڵی 2016 کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند، دوای ئەوە هەریەک لە پەرلەمانەکانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە