لە ئیتاڵیا، یۆنان و ئەلبانیا 30 قاچاخچی دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
شاری فۆاسالتا دیپیاڤ، لە رۆژهەڵاتی باکووری ئیتاڵیا، ژمارەیەک پۆلیس بە بێدەنگی چوونە سەر ماڵێک، دوو برای عێراقیان بە ناوەکانی عەلا و عومەر قاسم، تەمەن 30 ساڵ و 38 ساڵ، قۆڵبەستکرد و گواستنیانەوە بنکەی پۆلیس.
 
دەستگیرکردنی ئەو دوو برا قاچاخچییە بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان پۆلیسی ئیتاڵیا، یۆنان و ئەلبانیا، کە رۆژی چوارشەممە کردیان و لەو سێ وڵاتە، تۆڕێکی 30 کەسیان دەستگیرکرد، کە کۆچبەرانیان بە قاچاخ گواستووەتەوە و دەیان ملیۆن دۆلاریان بە نایاسایی کۆکردووەتەوە. 
 
جوزێپێ گویدۆ لێیۆ لە پۆلیسی ئیتاڵیا گوتی: "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 22 کەس لە ئیتاڵیا دەرچووە. لەو 22 کەسە، هەندێکیان سەرکردەی تۆڕەکانی نێو ئیتاڵیا بوون کە هەموویان بە دادپەروەری گەیێندران. 11 کەسمان دەستگیرکردووە. ئەوانەیشی دەستگیرمان نەکردوون ئەو قاچاخچیانەن کە توانیویانە یەکسەر ئیتاڵیا جیبێڵن."
 
ژمارەیەکی دیکەی قاچاچیەکان هەر لە رۆژی چوارشەممە لە لایەن پۆلیسی یۆنان و ئەلبانیاوە دەستگیرکران  کە پەیوەندییان بە قاچاخچییەکانی ئیتاڵیاوە هەبووە.
 
بەگوێرەی پۆلیس، ئەو تۆڕە قاچاخچییە، بە یەخت و بەلەم، کۆچبەرانیان لە تورکیاوە گواستووەتەوە بۆ ئیتاڵیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا و  6 هەزار تاوەکو 10 هەزار دۆلاری ئەمریکییان لە هەر کۆچبەرێک وەرگرتووە. 
 
هەر جارێکیش، بێ گوێدانە سەلامەتیی گیانی کۆچبەران، 30 تاوەکو 180 کەسیان بە یەک بەلەم گواستووەتەوە.
پۆلیسی ئیتاڵیا چاوەڕێ دەکات ئەو تۆڕە لانیکەم هەزار و 100 کەسیان لە تورکیاوە گواستبێتەوە ئیتاڵیا.
دوای گەیشتنی کۆچبەران بە شوێنی مەبەستیان، خێزانەکانیان بە حەواڵە پارەیان بۆ قاچاخچییەکان ناردووە. 
 
جوزێپێ گویدۆ لێیۆ دەڵێت: "هیوادارین توانیبێتمان ئەو دیاردەیە بوەستێنین و چەند هەفتە و مانگی داهاتوو بنبڕی بکەین. بەڵام پێویستە ئەوەش لە بەرچاوبگرین کە رەنگە هەندێک کەس ئامادە بن بچنەوە نێو تۆڕەکە و شوێنی ئەو کەسانە پڕبکەنەوە، کە دەستگیرمان کردوون."
 
بەرپرسانی ئیتاڵیا ئاماژە بەوە دەکەن ئەو تۆڕەی دەستگیریان کردووە، نزیکەی 80 ئەندامی هەیە کە بەشێکیان لە تورکیان و دەستیان پێیاننەگەیشتووە، بەڵام دەڵێن دەستیانکرووە بە پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی ئەنقەرەوە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانیان فراوان بکەن و ئەوانیش دەستگیربکەن.