لە کۆڕبەندی داڤۆس 677 سەرکردە و بەرپرسی باڵای جیهان بەشداردەبن

20-01-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆڕبەندی ئابووریی جیهان کۆڕبەندی داڤۆس 2020
A+ A-

رووداو - هەولێر

بڕیارە رۆژی سێشەممە 21-01-2020، کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی داڤۆس لە شارۆچکەی داڤۆس لە رۆژهەڵاتی سویسرا دەستپێبکات، لە کۆڕبەندەکە دەیان سەرکردە، گەورە بازرگان و چالاکوان بەشداریدەکەن، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
 
هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە کۆڕبەندەکە دەکات و چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات، لەنێویاندا لەگەڵ هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پانێڵێک دەکات لەژێر ناونیشانی "ناجێگریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، سەرنجی پانێڵەکە لەسەر عێراق و گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەیە، هاوکات باس لە قەیرانەکان و پرسی سەقامگیری و ئاشتی ئێستای عێراق دەکرێت.
 
ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس دەکەن. ساڵی 2017 سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداریی لە کۆڕبەندی داڤۆس کرد و لە پانێڵێک بەشداربوو؛ ساڵی 2018 نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆڕبەندی داڤۆس کرد و ئەمساڵ وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندەکە دەکات.
 
کلاوس شواب، سەرۆکی کۆڕبەندەکە دەڵێت "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گرێتا تانبێرگ، کچە چالاکڤانی بواری ژینگە بەشداریی کۆڕبەندی داڤۆس دەکەن". شواب کە هاوکات دامەزرێنەری کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی ئەمساڵ تیشکیش دەخرێتەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ژینگە.
 
لە کۆڕبەندی داڤۆسی 2020دا 677 سەرکردە و بەرپرسی باڵای جیهان بەشداردەبن، 175 پانێڵ و گفتوگۆی تایبەت لەسەر حەوت بواری سەرەکی بەڕێوەدەچن.
 
ئەمساڵ 50 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس تێدەپەڕێت. چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی سێ هەزار کەس لە 118 وڵاتەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بگەنە شاری داڤۆس. 
 
لە ماوەی 50 ساڵی دامەزراندنیدا کۆڕبەندی ئابووریی جیهان گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە؛ کۆڕبەندەکە لەو ماوەیەدا لە کۆبوونەوەی نێوان بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان گۆڕدراوە بۆ گەورەترین کۆبوونەوەی کەسایەتییە سیاسی و کاریگەرەکانی جیهان.
 
دامەزرێنەری کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لەوبارەیەوە دەڵێ "هەستێکی نامۆیە، دەبینیت ئەو هەموو کەسایەتییە بەشدارە و بەردەوام هەوڵدەدەیت لەپێش ئەو شتانە بیت کە روودەدەن. لەم رووەوە پێموایە ئەو 50 ساڵە زۆر بە خێرایی تێپەڕیوە؛ کاتێکیش سەیری دواوە دەکەم هەست بەوە دەکەم کە لە ماوەی 50 ساڵدا چەندە جیهان گۆڕانکاریی خێرای بەخۆوە بینیوە و چۆن خۆمان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە گونجاندووە".
 
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان سەرەتا لەژێر ناوی "کۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەوروپا" لە ساڵی 1971 دامەزرا، پاشان لە ساڵی 1987 ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "کۆڕبەندی ئابووریی جیهان". کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە 50 ساڵی تەمەنیدا لە سەکۆیەکەوە بۆ دەوڵەمەندەکانی جیهان گۆڕدرا بۆ پلاتفۆرمێک بۆ دانووستاندنە گرینگەکانی نێوان وڵاتان.
 
لە ساڵی 1994دا شیمۆن پێرێز، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئیسرایل لەگەڵ یاسر عەرەفات، سەرۆکی پێشووی فەڵەستین لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان گەیشتنە رێککەوتنی ئاشتی. پێشتر لە ساڵی 1988یشدا سەرۆکوەزیرانی یۆنان و تورکیا هەر لە پەراوێزی ئەم کۆڕبەندە کێشەکانی نێوانیان چارەسەرکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.