رووداو دیجیتاڵ
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، دوای رووخانی بەشار ئەسەد، "ئێستا دەرفەتی ژیانێکی ئارام بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی" سووریا هەیە.
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە شۆڵتزی پرسی کە چ هەڵوێستێکیان بەرامبەر هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی بۆ سەر کورد لە سووریا هەیە؟
ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە وەڵامدا قسەی لەسەر هێرشەکانی دژی کورد نەکرد، بەڵام گوتی: "باشە کە ئەسەد رووخا، چونکە هێرشی کردە سەر ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی خۆی، کوشتنی و ئەشکەنجەی دان."
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا دەرفەتی ژیانێکی ئارام هەیە بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی دانیشتووان، کۆمەڵە ئایینییە جیاوازەکان، دەرفەتی دامەزراندنی سیستمێک هەیە کە یاسا، دیموکراسی و پێکەوەژیانی نێوان بەشە جیاوازەکانی دانیشتووانی تێدابێت، بۆیە هەست بە دڵخۆشی دەکەین."
راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوای بەلقان لە برۆکسل بوو.
بەشێک لەو گرووپە چەکدارانەی کە 8ـی کانوونی یەکەم کۆتاییان بە رژێمی ئەسەد هێنا، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
ئەو گرووپانە و تورکیای پشتیوانکاری سەرەکییان، هەسەدە بە لقێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانن، وێڕای ئەوەی هەسەدە رەتیدەکاتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی رووداو و ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا
رووداو: بەڕێز راوێژکار، ئێوە ئەمڕۆ نوێنەرایەتی سەرۆک ماکرۆن دەکەن. ئەو هەمیشە داکۆکی لە کورد دەکات.
ئایا ئێوەش ئەمڕۆ باسی کورد دەکەن؟ کورد دژی داعش جەنگا و ئێستا تورکیا هێرش دەکاتە سەر کورد. هەڵوێستی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
ئۆڵاف شۆڵتز: من دوێنێ وەڵامی ئەم پرسیارەم دایەوە و وەڵامی دوێنێم دووبارە دەکەمەوە: باشە کە ئەسەد رووخا، چونکە هێرشی کردە سەر ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی خۆی، کوشتنی و ئەشکەنجەی دان. ئێستا دەرفەتی ژیانێکی ئارام هەیە بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی دانیشتوان، کۆمەڵە ئایینییە جیاوازەکان، دەرفەتی دامەزراندنی سیستمێک هەیە کە یاسا، دیموکراسی و پێکەوەژیانی نێوان بەشە جیاوازەکانی دانیشتووانی تێدابێت، بۆیە هەست بە دڵخۆشی دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ