کۆنگرێس بودجەی بەرگریی ئەمریکای پەسند کرد؛ 380.7 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پێشنیاز کراوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای تایبەت بە خەرجیی بەرگریی ساڵانەی بۆ 2025 تێپەڕاند. لە پڕۆژەیاساکەدا 528 ملیۆن و 699 هەزار دۆلاری بۆ پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەسەدە پێشنیازکراوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 85 دەنگی بەڵی بەرامبەر بە 14 دەنگی نەخێر پرۆژەیاساکەی پەسند کرد.
 
چاوەڕێ دەکرێت پڕۆژەیاساکە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆ بکرێت و ببێتە یاسا. 
 
بەراورد بە ساڵی رابردوو، بودجەی تەرخانکراوی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو 9 ملیار دۆلار زیاترە. 
 
بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەکە لەو بڕە پارەیەی کە داواکراوە، 380 ملیۆن و 758 هەزار دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانە، 147 ملیۆن و 941 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبێت.
 
هاوکارییەکان تایبەت دەبن بە مەشق و راهێنان و هەروەها پڕچەککردنی ئەو هێزانەی رووبەڕووی داعش دەبنەوە.
 
هاوکارییەکانی ئەمریکا لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2024 بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات 475 ملیۆن دۆلار بوو. 
 
لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023ـدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی ئەو هێزانە داوای 475 ملیۆن دۆلاری کردبوو.
 
لە نیسانی ئەم ساڵدا، ئیدارەی بایدن رەشنووسی پرۆژە بودجەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە لەو بڕە پارەیەی بۆ بەرگریی وڵاتەکەی داوایکردووە، 260 ملیاری بۆ خەرجی سەرباز و کارمەندەکان، 370 ملیار دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و خەرجی چاککردنەوەی کەلوپەلی سەربازی، 145 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان و بەرەوپێشبردنی سیستمی سەربازی، 120 ملیار دۆلار بۆ توێژینەوە و تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای نوێی سەربازی، 15 ملیار دۆلار بۆ بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان، 45 ملیار دۆلار بۆ هێزی ئاسمانی، 20 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و 33 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی چین تەرخانکراوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە