سیناتۆر جۆن کەنەدی بۆ تورکیا: دەست لە کورد مەدە

19-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆن کەنەدی، سیناتۆری کۆماریییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات: "واز لە کورد بهێنێت." هەروەها هەڕەشە لە تورکیا دەکات و دەڵێت، ئەگەر "دەست لە کورد بدەى"، سزای ئابووریت بەسەردا دەسەپێنن. 
 
سیناتۆرە ئەمریکییەکە لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیران ئەو قسانەی کرد کە رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەچوو و کوردی بە "دۆستی ئەمریکا" ناوبرد و دەڵێت، "ئەوانەی لە شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش زۆرترین یارمەتییان داین، کورد بوون... بەبێ کورد داعش هێشتا دەمایەوە."
 
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە هۆشداری دەدات لەوەی تورکیا "سەرباز، تانک و چەک"ـی لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا کۆکردووەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، "خەممە کە بەڕێز ئەردۆغان و تورکیا سووریا داگیر دەکەن."
 
جۆن کەنەدی هۆشداری لە هێرشی تورکیا دەدات و دەڵێت: "دۆستە کوردەکانمان ترسیان هەیە لەوەی بەڕێز ئەردۆغان بەهۆی هەبوونی رق بەرامبەر بە کورد، هێرشیان بکاتە سەر."
 
سیناتۆرە کۆمارییەکە لەبارەی ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیامی بۆ ئەردۆغان نارد و گوتی، "ئەوە مەکە. واز لە کورد بێنە. واز لە گەلی سووریا بێنە."
 
جۆن کەنەدی هەڕەشەی سەپاندنی سزاش بەسەر تورکیادا دەکات و دەڵێت، "ئەگەر سووریا داگیر بکەیت و دەست لە کورد بدەیت، داوا لەو کۆنگرێسەی ئەمریکا دەکەم شتێک بکات. هەروەها سزاکانمان یارمەتیی ئابووریی تورکیا نادەن، نامەوێت ئەوە بکەم. واز لە کورد بێنە."
 
گوتەکانی ئەو سیناتۆرە لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، هەریەک لە لیندسی گراهام و کریس ڤان هۆڵن، گەورە سیناتۆرانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوایان کرد: "ناوچەی داماڵدراو لە چەک لە کۆبانێ پێکبهێنرێت." گوتیشیان، "ئەگەر تورکیا رازی نەبێت، سزای دەدەن."
 
بەگوتەی دوو سیناتۆرەکە، راگەیێندراوەکەیان لەدوای قسەکردن لەگەڵ "مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات" بڵاوکراوەتەوە. ئەو دوو سیناتۆرە رەخنەیان لە تورکیا گرت و گوتیان: "لە سەروبەندی رووخانی رژێمی ئەسەد، هێزەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن تورکیا، هێرشەکانیان لە دژی کوردە هاوبەشەکانمان لە سووریا زیادکردووە. ئەو هێزانە هەڕەشە لە ئەرکی گرنگی رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن."
 
لە رۆژی 10-12-2024ـەوە، لە بەنداوی تشرین شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستیپێکرد، بە گرووپێکی پاڵپشتیکراو لەلایەن تورکیا دادەندرێت. 
 
ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییەی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا، رۆژی پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەم رایگەیاند: "رێککەوتنمان لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە لە ناوچەکانی منبج و دەوروبەری کردووە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەکان".
 
ئاگربەستەکە لە رۆژی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەم کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەکاتی دیمەشق دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو. 
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی "ئاگربەستی منبج تاوەکو کۆتایی هەفتە درێژ کراوەتەوە". گوتیشی، تاوەکو بتوانن ئاگربەستەکە درێژدەکەنەوە. 
 
میللەر گوتی، ئەمە "لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون لەگەڵ هەسەدە و لەگەڵ حکومەتی تورکیا، یەکەم رێککەوتنی ئاگربەستیش کە هەفتەی رابردوو هاتەکایەوە، بەهەمانشێوە لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون، ئەوەش نەک تەنیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، بەڵکو ئێمە هێزە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە کە لەنێو سووریان و میکانیزمێکی لەمێژینەی ئاگربەستیان لەوێ هەیە و لەگەڵ حکومەتی تورکیا و هەسەدە کاردەکەن، تاوەکو دڵنیابن هێزەکان و لەنێویشیان هێزەکانی ئەمریکا مەترسییان لەسەر نەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە