بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی داهاتووی کورد لە سووریا و دۆخی وڵاتەکە بۆ رووداو دەدوێن

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا، ئەمڕۆ لە برۆکسل دەستیان بە دوایین کۆبوونەوەکانی ئەمساڵ کرد، پرسی گەرمی سەر مێزی گفتوگۆکانیان دۆخی نوێی سووریایە، رووداو لەوێیە و لەبارەی داهاتووی کورد سووریا و دۆخی وڵاتەکە پرسیاری ئاراستە کردن.
 
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە بەلجیکا پرسیاری لە زۆربەی سەرکردەکان کرد "دۆخی کورد لە سووریای داهاتوو چۆن دەبێت؟ ئێوە چۆن پشتگیری لە کورد دەکەن؟"
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا: نابێت هیچ لایەنێک دۆخەکە لەبەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لەبارەی داهاتووی وڵاتی سووریا رایگەیاند "نابێت هیچ لایەنێک دۆخەکە لەبەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە" گوتیشی ئەوان ئامادەن هەنگاو بنێن تاوەکو وڵاتەکە بنیاتبنرێتەوە، ئەگەر "سووریاییەکان هەنگاوی دروست بنێن."
 
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا دەڵێ "سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و چەندین گرووپی تێدایە و کوردیش یەکێکە لەو گرووپانە، بۆیە، ئێمە لە ئوردن کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، ئەمریکا کرد و پەیامەکەشمان روون بوو کە هیچ لایەک نابێت دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و بەرژەوەندیی هەمووان ئەوەیە وڵاتێکی سەقامگیر هەبێت، وڵاتێک ئاشتی تێدا بەرقەرار بێت و جەنگی نێوخۆیی تێدا نەبێت."

 

 
هەروەها گوتی "پێموایە ئەوەی گرنگە کە سووریا بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە. بەتایبەتی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و هەمان پەیاممان هەبێت، هەروەها ئەو پەیامە بگەیەنین ئەگەر هەنگاوی دروست لەلایەن سوورییەکانەوە بنرێن، ئێمەش ئامادەین هەنگاو بنێین، تاوەکو وڵاتەکە بنیاتبنرێت." 
 
خاڵێکی دیکەی دوایین کۆبوونەوەی ئەمساڵی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە، یەکێتییەکە دەیەوێت پێگەی خۆی لە جیهاندا بەهێزتر بکات؛ سەرکردەکانیان ئەمڕۆ لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەکەن.
 
نێردراوەکەی رووداو لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا رایگەیاند سەرکردەکانی ئەورووپا دەیانەوێت بزانن "چۆن پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، ئەوان بەتەواوەتی خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە چۆن ئەمە دەکەن، بەڵام ترسێکی زۆریان هەیە لەوەی سووریا وەک لیبیا و ئەفغانستانی لێ بێت، بۆیە هەر زوو نوینەری خۆۆیان بۆ سووریا نارد."
 
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا: پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکەین لەبارەی ئەوەی کێ شوێنی ئەسەد دەگرێتەوە
 
رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بە رووداوی گوت "پێموایە ئەمە کارێکی باشە کە سەرکردەکانمان دەست بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دراوسێکانی ناوچەکە (سووریا) دەکەن. ئەمە کارێکی باش بوو سەرۆکی کۆمیسیۆن سەردانی تورکیای کرد و قسەی لەگەڵ هاوتاکانمان لە ئوردن کرد. لە کانوونی دووەمدا منیش سەردانی ناوچەکە دەکەم."
 
لەبارەی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدیش گوتی "سەبارەت بە سووریا، بێگومان ئەمەی روویدا ئاسوودەییبەخشە کە رژێمی ئەسەد لە کۆتاییدا رووخا و کۆتاییهات. پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکەین کە کێ شوێنی دەگرێتەوە و کێ بۆشاییەکە پڕدەکاتەوە، هەروەها دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکەین کە سوورییاییە ناسیۆنالستەکان نەگەڕێنەوە دواوە و دەبێت ئاگاداریش بین، کەمینەکان پارێزراو بن لە سووریا دا."