2025؛ ساڵی گەشتە خێرا و زۆرەکان بۆ بۆشایی ئاسمان
رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2025 دا گەشتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان خێرادەبن و لە ئاستی ئاژانسە حکومی و کۆمپانیا تایبەتەکان پلانی گەورەیان بۆ داڕێژراوە.
بڕیارە ساڵی داهاتوو، دوو پرۆژەی گرنگی چوونەسەر مانگ جێبەجێبکرێت، یەکێکیان لە رێگەی ناساوە و ئەوەی دیکەشیان لە رێگەی کۆمپانیایەکی ژاپۆنییەوە.
مارسیا دۆن، شارەزای بۆشایی ئاسمانە و دەڵێت، "دوو کۆمپانیا دەست بە گەشتەکانیان دەکەنەوە بۆ سەر مانگ. کۆمپانیایەکی ژاپۆنی هەیە کە دوو ساڵ پێش ئامادەکاری کردووە و جارێک تاقیکردنەوەی کردووە، بڕیارە تاقیکردنەوەی دووەمی بکات. تاقیکردنەوەی یەکەمی باش نەبوو و شکستیهێنا. ئەوان سەرەتای ساڵی 2025 هەوڵێکی دیکە بۆ گەشتکردنە سەر مانگ دەدەن. گەشتی دوومیش بڕیارە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە هیوستن بکرێت و تیمی ناسایان لەگەڵ دەبێت."
گەشتە ئاسمانییەکانی داهاتوو موژدەی دۆزینەوەی گەورەمان پێدەدەن لەبارەی چۆنییەتیی دروستبوونی گەردوون و ئەگەری هەبوونی ژیان لەسەر هەسارەکانی دیکە.
ئاژانسی ناسا دەست بە پڕۆژەی (ئارتمیس دوو) دەکات کە ئامانجی ناردنی کەشتیوانەکانە بۆ سەر مانگ. کۆمپانیای (فایرفلای) ئەمریکیش بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو گەڕیدەیەک بنێرێتە سەر مانگ.
کۆمپانیای سپەیس ئیکس بڕیاریداوە لە 2025 دا گەشتەکانی بۆ بۆشایی ئاسمان زیاد بکات. هاوکات تاقیکردنەوەکانی ستارشیپ لە 2025 دا چارەنووسساز دەبن بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە بتوانێت پلانی چوونە سەر مانگ و مەریخ دەستپێبکات.
مارسیا دۆن دەشڵێت، "لە 2025 ئیلۆن مەسک تاوەکو بتوانێت رۆکێتی ستارشیپی کۆمپانیاکەی تاقیدەکاتەوە. ناسا بە نیازە لە رێگەی کەشتیی ئاسمانیی ستارشیپەوە گەشتەکەی سەر مانگ ئەنجام بدات. لەبەر ئەوەش دەبێت بەڕاستی مەسک فریای ئەو دوامۆڵەتانە بکەوێت کە ناسا بۆی دادەنێت."
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا هەروەها کەشتییەکی ئاسمانی دروستدەکات کە دەتوانێت دووبارە بەکاری بهێنێتەوە. ئامانجیان ئەوەیە کە لە رێگەی ناردنی مانگی دەستکردەوە درێژە بە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی بواری بۆشایی ئاسمان بدەن.
گەشتە ئاسمانییەکان هەڵبەت بێ مەترسی نین بۆ کەشتیوانەکان. جەیرد ئایزاکمان، فەرماندەی گەشتی ئاسمانییە و دەڵێت، "سەختترین بەشی گەشتەکە کاتێکە کە هەوات لێ دەبڕێت و پاش گەشەتەکەت دەبێت هەناسەدانت ئاسایی بکەیتەوە. هیچ قفڵێک نییە ئەم قۆناخەت بۆ ئەنجام بدات، دەبێت راهێنانێکی گەورەت کردبێت و لەگەڵ رەوشەکە رابێیت. ئەگەر بێ بەخت بیت، ئەگەری هەیە رووداوی ناخۆش رووبدات."
کۆمپانیای (بلو ئۆریجن)، لە 2025 دا گەڕیدەی (ئێم کەی وان) دەنێرێتە سەر مانگ.
چین هەروەها لە رێگەی پڕۆگرامی (تیان وێن دوو) کەشتی ئاسمانی دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان بۆ چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە لەسەر جووڵەی نەیزەک و هەسارە بچووکەکان.