رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جارێکی دیکە لەسەر هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ و رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی هەیە لەوەی پێکهاتەکانی سووریا بپارێزن و لەنێویشیان کورد.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، باسی کۆبوونەوەی هەمان رۆژی لەگەڵ گەورە راوێژکاری سیاسەتەکانی دەرەوەی راوێژکاری ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، باسیان لە دۆخی سووریا، لوبنان و غەززە کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت "کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ یانز پلۆتنەر، گەورە راوێژکاری سیاسەتەکانی دەرەوەی ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کرد."
لەدرێژەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "باسمان لە پرسەکانی ئێستای ناوچەکە کرد، لەوانەش؛ لوبنان، سووریا و غەززە، هەروەها خواستمان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە لەزووترین کاتدا."
لەبارەی دۆخی نێوخۆی سووریاوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت "جەختمان لەوە کردەوە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی هەبێت لە پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیان پێکهاتەی کورد، کە لە رۆژانی رابردوودا لەژێر هێرش و هەڕەشەدا بوون."
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل چەندین جار باسی پرس و مافی کوردی لەو وڵاتە کردووە و لە 11ـی کانوونی یەکەم لەداوی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، گیدیۆن سار، رایگەیاند "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەند بێت بەوەی کورد لە سووریا دەپارێزن، چونکە کورد هێزی سەقامگیرن لەو وڵاتە دا و دەبێت هێرشەکان بۆ سەر کورد کۆتاییان پێ بێت."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل راشیگەیاندبوو، پرسی پاراستنی کورد لە سووریا، لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی زلهێزی وەکو بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا باس دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ