جیهان
حەمید نووری، تاوانبارکراوە بەوەی دەستی لە کوشتنی زیندانە سیاسییەکانی نێو گرتووخانەی گوهەردەشت لە شاری کەرەج لەساڵی 1988 هەبووە.
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تێهەڵچوونەوەی سوێد بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەر بەرپرسێکی پێشووی ئێراندا پەسند کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لەلایەن دادگەیەکی ئەو وڵاتە ئەوروپییەوە تاوانبار کرا بەوەی لە ساڵی 1988دا دەستی لە کوشتنی ژمارەیەک زیندانی سیاسی لە ئێراندا هەبووە.
رۆژی سێشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2023، دادگەی تێهەڵچوونەوەی سوێد لە ستۆکهۆڵم، بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەر حەمید نوورییدا پەسند کرد. حەمید نووری تاوانبارە بەوەی دەستی لە کوشتنی زیندانە سیاسییەکانی نێو گرتووخانەی گوهەردەشت لە شاری کەرەج لەساڵی 1988 هەبووە. بە گوێرەی بەشێک لە تۆمارەکان، نزیکەی پێنج هەزار زیندانی سیاسی لەو ساڵەدا لە کەرەج کوژران و زۆربەیشیان ئەندامی موجاهیدینی خەلق بوون.
لەساڵی 2022دا دادگەیەکی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، حەمید نووری بە تاوانبار لەقەڵەم دا بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە ئێران ئەنجامیداون یان رۆڵی تێیاندا هەبووە. ئەو کەیسەش گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان سوێد و ئێران دروستکرد و تاران دەسەڵاتدارانی ستۆکهۆڵمی بەوە تۆمەتبار کرد بڕیاری دادگەکە سیاسی بووە.
لە ساڵی 2019دا حەمید نووری لەکاتی گەیشتنی بۆ نێو خاکی سوێد لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم دەستگیرکرا، دوای ئەوەی ژمارەیەک چالاکڤانی ئێرانی لە سوێد داوایەکیان دژی ئەو بەرپرسەی ئێران تۆمارکرد، بەڵام حەمید نووری لەکاتی دەستگیرکردن و دادگەییشیکردنییدا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردنەوە.
حەمید نووری تەمەن 62 ساڵ، تاکە بەرپرسی پێشووی ئێرانە کە لەسەر ئەو کەیسە دادگەیی کرابێت. تیمی پارێزەرانی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە داوایان لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی سوێد کردبوو، ماوەی زیندانییەکەی کەم بکاتەوە یانیش هەر بە گشتی ئازادی بکەن و بێتاوان لە قەڵەمی بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ