رووداو دیجیتاڵ
سویسرا بەشداریکردنی لە پڕۆگرامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تایبەتە بە نیشتەجێکردنی پەناخوازان بۆ ماوەیەکی کاتی راگرت.
رۆژی دووشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2022، نووسینگەی سویسرا بۆ کاروباری کۆچبەران پشتڕاستیکردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاتیی وەرگرتنی پەناخوازانی لە چوارچێوەی پرۆگرامی نیشتەجێکردنی سەر بە ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا راگرت.
لوکاس رایدەر، گوتەبێژی سکرتارییەتی سویسرا بۆ کۆچبەری بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "پرۆگرامی نیشتەجێکردن ناخرێتە ژێر پرسیارەوە، تەنیا وەرگرتنی پەنابەران رادەگیرێت."
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - UNHCR کار بۆ نیشتەجێکردنی بەشێک لە پەناخوازە لێقەوماوەکانی جیهان دەکات کە لە بارودۆخێکی ناجێگیردا دەژین و لە وڵاتی سێیەمدا نیشتەجێیان دەکات.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی 2022دا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو پەناخواز پێویستیان بە نیشتەجێکردن لە وڵاتی سێیەم بووە.
سویسرا، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 8 ملیۆن و 700 هەزار کەسە، ئامادەیی خۆی بۆ نیشتەجێکردنی هەزار و 820 پەناخوازی لێقەوماو لە ساڵانی 2022 و 2023دا دەربڕیوە.
بەگوێرەی میدیای سویسرا، وەزارەتی داد لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا پرۆگرامەکەی راگرتووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 100 هەزار پەناخواز و پەنابەر کە زیاتر لە 70 هەزاریان بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە دەربەدەربوون، گەیشتوونەتە سویسرا، ئەوەش دەبێتە گەورەترین ژمارەی پەنابەران لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە.
لەو بارەیەوە، گوتەبێژی سکرتارییەتی سویسرا دەڵێت: "لەبەر ئەو هۆکارە، دەستەی بەرپرس لەو پرسە پێشنیازی راگرتنی کاتیی وەرگرتنیان کردووە."
تاوەکو نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم، 641 کەس لە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە سویسرا نیشتەجێکرابوون. رایدەریش دەڵێت، نزیکەی 400 پەناخواز کە پێشتر بڕیاری وەرگرتنیان بۆ دەرکراوە، تاوەکو مانگی ئاداری داهاتوو بەشێوەیەکی فەرمی وەردەگیرێن.
بەگوێرەی میدیای سویسری، زۆربەی ئەو پەناخوازانە خەڵکی سووریا، ئەفغانستان و سوودانن و بەشێوەیەکی سەرەکی لە ژنان و منداڵان و ئەو کەسانە پێکهاتوون کە تەندروستییان ناجێگیرە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە "لاواز" دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ