پێشبڕکێی نمایشکردنی گەورەترین فانۆس لە فیلیپین ئەنجامدرا

رووداو - هەولێر

لە فیلیپین بە پێشبڕکێی نمایشکردنی گەورەترین فانۆس یاخود چرا، دەست بە پشووی سەری ساڵ و، جەژنی کریسمس دەکرێت. 

لە شاری سان فێرناندۆ کە دەکەوێتە هەرێمی پامپانگا لە فیلیپین و یەکێکە لە شارە پڕ گەشتیارەکانی ئەو وڵاتە، پشبڕکێی گەورەترین فانۆس دەستیپێکرد. ئەم فانۆسانە لە فیلیپین پارۆڵس-یان پێدەگوترێت و، لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵی نوێ، زۆربەی ماڵەکان بەم جۆرە فانۆسانە دەرازێندرێنەوە. 

چینگ پانگلیلیان، سەرۆکی هۆبەی گەشتیاری سان فێرناندۆ دەڵێ "ئەوەی بەڕاستی زۆر سەرنجراکێشە ئەوەیە؛ خەڵکەکە فانۆسی زۆر گەورەیان دروستکردووە، ئەمەش شتێکە بۆ نەوەکانی دیکە دەگوازرێتەوە. ئەوان بەڕاستی داهێنانی گەورەیان کردووە. خەڵکەکە، خەڵکی ئاسایین نە ئەندازیارن نە دیزاینەرن، بەڵکو تەنیا ئەو خەڵکانەن کە زۆر بە پەرۆشن و، دروستکەرن".

ئەم جۆرە چرایە تەنیا لە فیلیپین بۆ دیزاینکردنی ماڵەکان بەکاردەهێندرێت، بەتایبەتیش لەکاتی سەری ساڵی نوێ و، جەژنی کریسمس. بەرزی بەشێک لە چراکان، نزیکەی حەوت مەتر دەبێت و، مەودایەکی فراوان رووناکدەکەنەوە، تەکنەلۆژیای نوێ وەکو گڵۆپی LEDی و، فلاشیان تێدا بەکارهاتووە.

گەورەترین و رووناکترین فانۆسیش بەدەنگ هەڵدەبژێردرێت. تێدی ئاگویلەر، دروستکەری فانۆسە و دەڵێ "پێموایە خەڵکەکە بڕیاردەدەن، چونکە ئەگەر فانۆسێک جوان بێت، خەڵکەکە دەست بە هاوارکردن دەکەن، لەوێشەوە دەردەکەوێت کێ براوەیەوە".

بەگوتەی خەڵکی شارەکە فێستیڤاڵەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1908 ئەنجامدراوە، ئەوکاتە فانۆسەکان هەم بچووک بوونە و، هەمیش لە قوماش و، هەروەها قامیشی شەکر دروستکراون. 


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار