رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، ئەو هێرشەی ئۆکراینا کە مووشەکی دوورمەودای تێدا بەکارهێندرا "ئاماژەیە بۆ قۆناخێکی نوێی جەنگی جیهانیی رۆژئاوا".
رۆژی سێشەممە، 19-11-2024، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی 20 لە شاری ریۆ دی جانیرۆ لە بەرازیل، باسی ئەو هێرشەی ئەمڕۆی ئۆکراینای کرد کە بە "بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا" کرایە سەر رووسیا.
لاڤرۆڤ گوتی، "بێگومان ئەمە ئاماژەیەکە کە ئەوان دەیانەوێت گرژییەکان زیادبن. ئێمە ئەم ئاماژەیە وەک قۆناخێکی نوێی جەنگ لێکدەدەینەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا دژی رووسیا دەیکەن."
لاڤرۆڤ واشنتنی بە یارمەتیدانی کیێڤ لە بەکارهێنانی ئەو مووشەکانە تۆمەتبارکرد.
چەند کاژێرێک پێش قسەکانی لاڤرۆڤ، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، "دووژمن بە شەش مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر رووسیا. بەگوێرەی زانیاریی پشتڕاستکراوە، مووشەکەکان لە جۆری ATACMS (ئەتاکمس)ـی ئەمریکی بوون. هێرشەکە کرایە سەر دامەزراوەیەکی سەربازیی هەرێمی بریانسک لە باشووری رۆژئاوای رووسیا."
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: "هەروەک سەرۆک پووتین چەند جارێک باسی کردووە، ئەستەمە بەبێ ئەمریکییەکان، ئەو جۆرە مووشەکە ئاستبەرزانە بەکاربهێنرێن".
رۆژی 12-09-2024 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەگەر رۆژئاوا رێگە بە ئۆکراینا بدات ئەو جۆرە هێرشانە بکات [مووشەکی دوورمەودا بەکاربهێنێت]، ئەوە مانای ئەوەیە کە وڵاتانی ناتۆ، ئەمریکا و ئەورووپا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە جەنگی ئۆکراینا تێوەدەگلێن، چونکە بۆ تەقاندن و ئاراستەکردنی ئەو جۆرە مووشەکانە، پێویستە ژێرخان و کارمەندانی ناتۆ رێنمایی بدەن."
لاڤرۆڤ داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد، ئەو بنەما هەموارکراوەیەی رووسیا بخوێننەوە کە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیەتی و گوتی، "هیوادارم بە وردی بیخوێننەوە."
لەبارەی ئەگەری جەنگی ئەتۆمی، لاڤرۆڤ گوتی، "رووسیا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی خۆی لە جەنگی ئەتۆمی لابدات. ئەوە ئەمریکا بوو کە لە ساڵی 1945 بە ئەتۆم هێرشی کردە سەر شارەکانی هیرۆشیما و ناگاساکی لە ژاپۆن."
رۆژی سێشەممە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا واژۆی لەسەر بڕیارێکی نوێی "بنەمای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی رووسیا" کرد.
لە بڕیارە نوێیەکەدا هاتووە، "ئەگەر وڵاتێک کە ئەتۆمی نییە و لەلایەن وڵاتێکی دیکەی خاوەن ئەتۆمەوە پاڵپشتی بکرێت و هێرشبکاتە سەر رووسیا، بە هێرشێکی هاوبەش دەبینرێت. هەر هێرشێکیش کە ئەندامی هاوپەیمانێتییەک [بۆ نموونە ئەمریکا لە ناتۆ] بیکاتە سەر رووسیا، بە هێرشی تەواوی هاوپەیمانێتییەکە بۆ سەر رووسیا دەبینرێت."
بنەما پێشووەکە بەو جۆرە بوو کە "رووسیا دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، ئەگەر وڵاتێکی دیکە بە چەکی ئەتۆمی هێرشی بکاتە سەر یانیش ببێتە هەڕەشە لەسەر بوون و مانەوەی رووسیا".
ڤلادیمیر پووتین تاکە کەسی رووسیایە کە بتوانێت بڕیار لەسەر بەکارهێنان و نەهێنانی ئەتۆمی رووسیا بدات.
ئەم هەنگاوەی پووتین لەوەوە سەرچاوەی گرت، رۆژی 17-11-2024 میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کردووە کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لە بەرامبەر "بردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی"، چەک و مووشەکی دوورمەودا بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ