رووسیا: دووژمن بە مووشەکی دوورمەودای ئەمریکی هێرشی کردە سەرمان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، سوپای ئۆکراینا بە مووشەکی دوورمەودای ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
رۆژی سێشەممە، 19-11-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، "دووژمن بە شەش مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر رووسیا".
ئەو وەزارەتەی رووسیا باس لەوە دەکات، "بەگوێرەی زانیاریی پشتڕاستکراوە، مووشەکەکان لە جۆری ATACMS (ئەتاکمس)ـی ئەمریکی بوون. هێرشەکە کرایە سەر دامەزراوەیەکی سەربازیی هەرێمی بریانسک لە باشووری رۆژئاوای رووسیا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سیستمی دژە مووشەکیی ئێس 400 و پانتسیری رووسی توانیویانە پێنج مووشەک تێکبشکێنن و زیان بە مووشەکی شەشەمیش بگەیەنن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەم راگەیێندراوەی رووسیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 1000 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا تێدەپەڕێت.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، رۆژی 17-11-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لە بەرامبەر "بردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی"، چەک و مووشەکی دوورمەودا بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت.
بڕیارەکەی بایدن لەکاتێکدایە، کەمتر لە دوو مانگی دیکە دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، کۆتایی بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەهێنێت.
ئەمە یەکەمجارە ئۆکراینا بە مووشەکی دوورمەودا هێرش دەکاتە سەر رووسیا.
لەبارەی هێرشەکە، ئۆکراینا رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کۆگەیەکی چەک بە قووڵیی 110 کیلۆمەتر لەنێو خاکی رووسیا.
رۆژی 18-11-2024 دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، "ئاشکرایە کە ئیدارەی ئێستای واشنتن دەیانەوێت ئەو هەنگاوانە بنێن کە دەبنە هۆی خۆشکردنی ئاگرەکە و دنەدانی زیاتری تەنگژە و گرژی."
ئەیلوولی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکراینا لە لایەن ئەمریکاوە رێگەی پێبدرێت هێرش بکاتە نێو قووڵایی رووسیا، "ئەوکات رووسیا بە گوێرەی هەڕەشەکان بڕیاری گونجاو دەدات."
مووشەکی ATACMS دوورییەکەی تاوەکو 300 کیلۆمەتر دەڕوات. مووشەکەکە دەتوانێت تەنی جووڵاو و جێگیر بە وردییەکی زۆر بپێکێت.
پێشتر ئیدارەی بایدن دژی ئەوە بوو کە رێگە بە ئۆکراینا بدرێت چەک و مووشەکی دوورمەودا لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت و هۆشداری دابوو لەوەی کە ئەو هەنگاوە خزمەت بە ئۆکراینییەکان ناکات.