پۆلیسی پاکستان: ژمارەیەک چەکدار 8 سەربازیان کوشت و 7 پۆلیسیشیان رفاند
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، لە دوو هێرشی جیادا لە باکووری رۆژئاوای پاکستان هەشت سەربازیان کوژران و حەوت پۆلیسیش رفێندران.
رۆژی سێشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی هەواڵگری پاکستان بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە ناوچەی تیراهـ رووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان ژمارەیەک سەرباز و گرووپێکی چەکدار دروستبوو.
ناوچەی تیراهـ دەکەوێتە پارێزگای خیبەر پاختونخوا لە باکووری رۆژئاوای پاکستان.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەوە "هەشت سەرباز" و "نۆ چەکدار" کوژران.
تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاندووە.
تاڵیبانی پاکستان گرووپێکی چەکدارن کە ساڵی 2007 لەلایەن بەیتوڵڵا مەسعودەوە دامەزراوە، لە سنوورەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان چالاکیان هەیە و نزیکەی 25 هەزار چەکداری هەیە.
پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، لە هەمان پارێزگا ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر خاڵێکی پشکنین. چەکدارەکان حەوت پۆلیسیان رفاند و دەستیان بەسەر چەکەکانی ئەو پۆلیسانەشدا گرت.
ماوەیەکە چالاکی گرووپە چەکدارەکانی پاکستان زیادیان کردووە. رۆژی شەممەی رابردوو، لە پارێزگای بەلوچستان لە هێرشێکدا 7 سەرباز کوژران، هەفتەیەک پێشتر تەقینەوەیەک لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری هەمان ناوچە روویدا بووە هۆی کوژرانی 26 کەس و برینداربوونی 14ی دیکەش.