رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆیی نەیجیریا رایگەیاند، وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی چاکسازییەکانیان هەزاران هاووڵاتییان ئازادکردووە کە بەهۆی نەدانی پێبژاردنەکانیانەوە دەستگیر کرابوون.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023، وۆلوبونمی تونجی وۆجۆ، وەزیری ناوخۆیی نەیجیریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، دوێنێ لەکۆی 80 هەزار و 804 زیندانی لە 253 چاکسازی لە تەواوی وڵاتدا چوار هەزار و 68 زیندانییان ئازادکردووە کە بەهۆی نەدانی پێبژاردنەکانیانەوە (غەرامە) دەستگیر کرابوون.
ئەجیبۆلا ئافۆنجا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی نەیجیریا رایگەیاند، تەنیا ئەو کەسانە سوودمەند بوون لە بڕیارەکە کە کۆی پێبژاردنەکانیان کەمتر بووە لە یەک ملیۆن نیارەی نەیجیری کە دەکاتە هەزار و 112 یۆرۆ. هەروەها دەشڵێت، ئەو کەسانەی کە ئازادکراون کۆی پێبژاردنەکانیان نزیکەی 651 هەزار یۆرۆ بووە و پێبژاردنەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە.
کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی چاکسازییەکانی نەیجیریا یەکێکە لە ئامانجەکانی بۆلا ئەحمەد تینبو، سەرۆکی نەیجیریا کە مانگی ئابی ئەم ساڵ بە سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە و پێش هەڵبژاردنەوەشی بە سەرۆکی وڵات بەڵێنی چاکسازیی لە چاکسازییەکانی وڵاتەکەی دابوو.
بە گوێرەی سەنتەری خزمەتگوزاریی چاکسازییەکانی نەیجیریا، تاوەکو مانگی نیسانی ئەم ساڵ نزیکەی 74 هەزار و 872 کەس بە تۆمەتی جیاواز لە زینداندابوون کە 59 هەزار و 939 کەسیان بەبێ ئەوەی ببرێنە دادگە زیندانی کرابوون و تەنیا 22 هەزار و 933 کەسیان لە دادگە تاوانەکانیان یەکلا کرابووەوە.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکانیش، چاکسازییەکانی نەیجیریا بە رێژەی 147٪ دووچاری زۆری ژمارەی زیندانیان بوونەتەوە و زۆرینەی زیندانیانیش چەند ساڵێک چاوەڕێ دەکەن پێش ئەوەی دادگەیی بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ