ئیلۆن مەسک گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ تویتەر دەخاتە دەنگدانەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک سەبارەت بە گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ نێو تویتەر بۆچوونی بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە وەردەگرێت. 
 
رۆژی شەممە 19-11-2022، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر راپرسییەکی بە ناونیشانی "ترەمپ، سەرۆکی پێشوو بگەڕێنمەوە؟" بۆ ماوەی 24 کاژێر راگەیاند. تەنیا لە ماوەی سێ کاژێردا نزیکەی 5 ملیۆن کەس بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کرد و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دوای کۆتاییهاتنی کاتەکەی ئەنجامی کۆتایی دەردەکەوێت.
 
تاوەکو کاژێر 04:30ی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، 52٪ی بەشداربووانی راپرسیەکە خواستیان لەسەر گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترمپ دەربڕیوە.
 
هۆکاری دوورخستنەوەی ترەمپ لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، تۆمەتبارکردنی بوو بە هاندانی هاووڵاتییان بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە 6ی کانوونی دووەمی 2021. ترەمپ ئەو کات بە لایەنگرانی گوت، ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە لە 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەڕێوەچوو، ساختەکاری تێداکراوە.
 
ساڵی رابردووش مەسک راپرسییەکی هاوشێوەی لەبارەی فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا بڵاوکردەوە و تێیدا لەبارەی فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیاکە پرسیاری لە فۆڵۆوەرزەکانی کرد. دوای ئەوەی وەڵامی "بەڵێ" دەنگی زۆرینەی بەشداربووانی راپرسییەکە بوو، مەسک 1 ملیار پشکی کۆمپانیاکەی فرۆشت.
 
دۆناڵد ترەمپ، پێش ئەوەی لە تویتەر قەدەخە بکرێت، 88 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەبوو. دوای ئەوەی لە تویتەر قەدەخەکرا، دۆناڵد ترەمپ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی "سۆشیاڵ تروس" دروستکرد و بڕیاریدا نەگەڕێتەوە تویتەر و لەوێوە بەردەوامبێت. 
 
مەسک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، خاوەن و دامەزرێنەری کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، تێسلا، بۆرینگ و ئۆپن ئەی ئایە؛ هەروەها لە 27ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە 44 ملیار دۆلار تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری کڕیەوە و ئێستا بە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە و خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە دەناسرێت.