نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکات خۆپێشاندەرە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکات


رووداو دیجیتاڵ

نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکات ئەو کەسانەی بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون، ئازادبکرێن و سەرکۆنەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەران دەکات. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 18ـی تشرینی دووەمی 2022، فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک گوتی: "زۆر نیگەرانین لە زیادبوونی تووندوتیژی لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ئێران. سەرکۆنەی هەموو رووداوێک دەکەین کە بووبێتە هۆی گیانلەدەستدان یانیش برینداربوون".
 
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد وەڵامی "داوا رەواکانی" خەڵکی بدەنەوە و دەستبەجێ "هەزاران کەس کە بەهۆی بەشداریکرن لە خۆپێشاندانی ئاشتییانەدا دەستبەسەرکراون، ئازادبکرێن".
 
فەرهان حەق دووپاتیکردەوە کە دەبێت دەسەڵاتداران رێز لە پابەندییەکانیان لەژێر یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەنێویدا و بەدیاریکراوی مافەکانی مرۆڤی پەیوەست بە ژنان و مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە، ئازادیی رادەربڕین بگرن.  
 
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە تاران، کە باوکی دەڵێت کوژراوە، خۆپێشاندان لەنێوخۆ و دەرەوەی ئێران دەستیپێکرد. 
 
بەگوێرەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە لانیکەم 402 کەس لە رۆژهەڵاتی کورستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار و 813 کەسیش دەستبەسەرکراون. 
 
 
دەقی گوتەکانی فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان:
 
ئێمە زۆر نیگەرانین لە زیادبوونی تووندوتیژی لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ئێران. سەرکۆنەی هەموو رووداوێک دەکەین کە بووبێتە هۆی گیانلەدەستدان یانیش برینداربوون، لەنێویدا تەقەکردنی شاری ئیزە لە 16ـی تشرینی دووەمی 2022. نیگەرانیشین لەو هەواڵانەی باس لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پێنج هاووڵاتی دەکەن لە چوارچێوەی خۆپێشاندانەکان. دووپاتیدەکەینەوە کە دەبێت بەرپرسان رێز لە پابەندییەکانیان لەژێر یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەنێویدا، بەدیاریکراوی مافەکانی مرۆڤی پەیوەست بە ژنان و مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە، ئازادیی رادەربڕین بگرن.
 
لەم سۆنگەوە، دووپاتیدەکەینەوە کە پێویستە هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە هەر بەکارهێنانێکی هێز دژی خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکان بەدووربگرن. ئەوانەی بەرپرسیاریشن، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. داوا لە خۆپێشاندەرانیش دەکەین بەشێوەیەکی ئاشتییانە مامەڵە بکەن. دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە زیادبوونی گرژییەکان. داوا لە بەرپرسان دەکەین وەڵامی داوا رەواکانی خەڵکی بدەنەوە و دەستبەجێ هەزاران کەس کە بەهۆی بەشداریکرن لە خۆپێشاندانی ئاشتییانەدا دەستبەسەرکراون، ئازادبکرێن.