سێ سیناتۆری ئەمریکی دەیانەوێت فرۆشتنی فڕۆکەی F35 بە ئیمارات بوەستێنن

19-11-2020
سۆران عومەر
نیشانەکردن F-35 ئیمارات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەوڵی وەستاندنی گرێبەستتی فرۆشتنی فڕۆکەی F35 بە ئیمارات دەدەن.
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە ئیدارەی کۆشکی سپی، کۆنگرێسی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە کۆشکی سپی رازیبووە بە فرۆشتنی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی بە ئیمارات و لەنێویشیاندا 50 فڕۆکەی جۆری F35 ژمارەیەک درۆنی شەڕکەر. بەهای گرێبەستەکەش 23 ملیار دۆلارە.
 
دوای 9 رۆژ لەو بڕیارەی کۆشکی سپی، سێ سیناتۆری ئەمریکی کە دووانیان دیموکراتن و یەکێکیان کۆمارییە هەوڵدەدەن لە ئەنجوومەنی پیرانەوە و رێگە لەو گرێبەستە بگرن.
 
کریس مورفی، سیناتۆری دیموکرات و نزیک لە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئیمارات لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی تێوەگلانی لە ململانێکانی یەمەن و لیبیا پیشێلی مەرجەکانی بەکارهێنانی چەکی کردووە، کە پێشتر لە ئەمریکای کڕیوە.
 
جگە لە مورفی هەریەک لە بۆب فێرناندیزی دیموکرات و راند پاوڵی سیناتۆری کۆماری، دەیانەوێت رێگە لە فرۆشتنی ئەو چەکە پێشکەوتووانەی ئەمریکا بە ئیمارات بگرن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیرانیش رەتبکرێتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، مافی ڤیتۆکردنی بڕیارەکەی هەیە.
 
ئەو سیناتۆرانە پێیانوایە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت پەلە بکات لە یەکلاییکردنەوەی ئەو گرێبەستە، پێش کۆتاییهاتنی وادەی کۆتایی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا. 
 
مورفی ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوان دڵخۆشن بە نزیکبوونەوەی ئیمارات لە ئیسرائیل و ئیماراتیش بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا دەزانن، بەڵام ئیمارات لە رابردوودا یاسا نێودەوڵەتییەکان و مەرجەکانی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی چەک پێشێلکردووە.
 
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا ترسیان هەیە بەشێک لەو چەکانە لە داهاتوودا بکەونە دەست گرووپە چەکدارییەکانی لیبیا و یەمەن یان بۆ پشتیوانی لایەنێک بەکاربهێنرێن. 
 
بەگوتەی ئەو سیناتۆرانە، ئەم گرێبەستەی فرۆشتنی چەک بە ئیمارات بەشێکە لە دانوستاندنەکانی نێوان ئیمارات و ئەمریکا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل، کە لە مانگی ئابدا رێککەوتنی لەسەر کرا و لە 15ی ئەیلول بە فەرمی لە کۆشکی سپی واژۆکرا. 
 
ئیمارات لەگەڵ کۆشکی سپی لە هەوڵدایە گرێبەستەکە لە رۆژی 2ی دیسەمبەر واژۆ بکرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتیمانی ئیماراتدا.
 
هەروەها ئەو گرێبەستە جگە لە 50 فڕۆکەی فڕۆکەی F35، هەژدە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری جۆری MQ 9 ی تێدایە، لەگەڵ زیاتر لە 14 هەزار بۆمب و مووشەکی جیاوازی ئاسمانی و زەوینی و کەرەستەی تەقەمەنی تێدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران لە تاران. وێنە: Reuters

لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پەسند کرا

رەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئێران بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە".