رووداو دیجیتاڵ
هەشت مانگە کارکردن لە شوقەکانی پرۆژەی کاپیتاڵ لە هەولێر وەستاوە و خاوەنی شوقەکانیش گردبوونەوە و دەڵێن، وەبەرهێنەری پرۆژەکە هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە و پارەکەیانی خواردووە. خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرەش دەڵێت، "چەند شوقەیەک دوو بۆ سێ جار فرۆشراوە."
هێمن شەفیق، یەکێکە لە خاوەنی ئەو شووقانە و بە رووداوی گوت، "دوو شوقەمان لەو پرۆژەیە کریوە، یەکێکیان بۆ خۆم و ئەوەی دیکەشم بۆ هاورێیەکم کڕیوە، [هاوڕێکەی] پارەی نەبوو تا خانوو بکرێت گوتم، وەرە شوقە بکڕە بە هەردووکمان پێنج دەفتەر و نیومان داوە و شوقەکەش تائێستا تەواو نەبووە."
ماوەی هەشت مانگە کارکردن لە پرۆژەکە وەستاوە، بەشێک لە خاوەن شوقەکان سکاڵایان لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە تۆمارکردووە.
سینان زوهێر، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی لە پرۆژەکەدا شوقەی کڕیوە و دەڵێت، "ئەوە شەش مانگە سکاڵام تۆمارکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی گرتنی بۆ دەرنەچووە، هەر جارێک دەڕۆمە بنکەی پۆلیس، پێم دەڵێن، دوو هەفتەی دیکە وەرەوە کاروباری دادوەری دوور و درێژە راوێژمان بە پارێزەرەکانمان کردووە، دەڵێن، رەنگە پرۆسەکە پێنج ساڵ بخایەنێت، من پێنج ساڵ دابنیشم تەماشا بکەم؟ من ئامادەم بمرم بەڵام مافم نەخورێت."
پرۆژەکە 595 شوقە بە چوار رووبەری جیاواز لە خۆ دەگرێت، شوقەکان بە شێوەی کاش فرۆشراون، نرخەکانیشیان لە نێوان 27 هەزار و 500 بۆ 52 هەزار 500 دۆلار بووە، ئەگەر بە نزیکەی بۆ هەر شوقەیەک 30 هەزار دۆلار هەژمار بکرێت، واتە خاوەنی شوقەکان زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلاریان بە وەبەرهێنەری پرۆژەکە داوە.
قیدار وەیستی، شەریکی خاوەن پرۆژەکەیە لەبارەی کێشەکەوە دەڵێت، "ملیۆنێک دۆلارمان داوە بە خاوەنی پرۆژە تاوەکو لە قازانجی پرۆژەکە ببینە شەریک، بە نووسراو لە 40٪ قازانجی پرۆژەکە دەبێت بە ئێمە بدات، بەڵام ئەویش پارەکەی بردووە و رۆیشتووە."
دیار خەیلانی، خاوەن نووسینگەی خانووبەرەیە، جۆرە 'فێڵێک' لە پرۆژەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت، "لەو پرۆژەیەدا 595 یەکەی نیشتەجێبوون هەیە، بەڵام زیاتر لەو رێژەیە فرۆشراوە، شوقە هەیە دوو جار یان سێ جار فرۆشراوە."
پرۆژەکە لەسەر رێگەی بەحرکەیە لە هەولێر، 30 نهۆمە و کارکردن تێیدا ئێستا لە نهۆمی 23 ـەمە، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژەکە بە رووداوی راگەیاند، راستە وەبەرهێنەری پرۆژەکە چووەتە دەرەوە وڵات، بەڵام لەگەڵی لەسەر هیڵن و بەڵێنی داوە بگەڕێتەوە و پرۆژەکە تەواوبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ